دەزگای خێرخوازیی بارزانی: لە کۆنگرەی ئاوەدانکردنەوەی عێراقدا ڕۆڵی کارامان دەبێت
ئاوات مستەفا، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد: "ئامانج لە بەشداریکردنی ئێمە لەو کۆنگرەیە خستنەڕووی پرۆژە و پلانی خۆمانە لەڕووی هاوکاری و یارمەتیی مرۆییەوە بۆ ئاوەدانکردنەوەی عێراقە و بەتایبەت ناوچە کوردستانییەکان و دەشتی نەینەوا، شنگال و زومار بەتایبەتی".
ئەو بەڕێوەبەرەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕاشی گەیاند: "جیا لە بەشداریمان لە پانێلەکانی کۆنگرەکە، هاوکات گرنگییەکی زۆر بە دەزگای خێرخوازیی بارزانی دراوە و لەوێ پیشانگەیەکی تایبەت بۆ کار و چالاکییەکانمان تەرخان کراوە و ئێمە بە گرنگییەوە بەشدار دەبین و بێگومان ڕۆڵی کارامان دەبێت و لایەنی بەرپرس و پەیوەندیداری کۆنگرەکە و بەتایبەت کۆنسووڵی کوێت لە هەرێمی کوردستان گرنگیی زۆریان بە بەشداری و پێگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی داوە".
ئاوات مستەفا باسی لەوەش کرد: "ئێمە لەبارەی کار و چالاکییە مرۆییەکانمان و چەندین دیکیۆمێنتی زانستیمان ئامادە کردووە هەتا لەوێ پیشانی نوێنەری وڵاتان و بەشدارانی کۆنگرە بدرێت، دیکیۆمێنتەکان باس لەو خزمەت و کار و چالاکییانەی دەزگا دەکەن کە لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی عێراق و دەرەوەی هەرێم یارمەتیی ئاوارە و پەنابەر و لێقەوماوانی کردووە".
کۆنگرەی ئاوەدانکردنەوەی عێراق بە بەشداریی 70 وڵات و لە ڕێکخراو و دامەزراوەی ناوچەیی و نیودەوڵەتی ڕۆژی دووشەممە 2018/2/12 لە کوێت دەست پێدەکات کە ماوەی سێ ڕۆژ دەخایەنێت و جیا لەوەی هەموو پارێزگارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەوێ ئامادە دەبن، هاوکات شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی وکردستانیش بە فەرمی تێیدا بەشدار دەبێت.
باسنیوز
