دوایین ئاماری قوربانییانی مەدەنیی هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین بڵاو دەکرێتەوە

 دوایین ئاماری قوربانییانی مەدەنیی هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین بڵاو دەکرێتەوە
سەنتەری دیموکراسی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان دوایین ئاماری قوربانییانی مەدەنیی هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر شاری عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان، بڵاو دەکاتەوە.

بەپێی راگەیەندراوێکی سەنتەرەکە، شەوی هەینی 9/2/2018، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا چەندین ناوچەیان لە ناوەڕاستی عەفرین و گوندەوارەکانی بۆردومان کردووە.

جگە لە بۆردومانی ئاسمانی، تۆپخانەی سوپای تورکیا ناوچەکانی شارەدێی شیەیان تۆپباران کردووە و شەڕێکی سەختیش لەنێوان یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و سوپای تورکیا لە گوندەکانی حەج بیلال، جەقلا، ئەرندە، شەکتکا، تەرمیشا و تەتارا رووی داوە.

هەروەک سەنتەری دیموکراسی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان رایگەیاندووە، بەهۆی بۆردومان و تۆپبارانی سوپای تورکیاوە لە رۆژی هەینی، هەشت کەس گیانیان لەدەست داوە و 27 کەسی دیکەش بریندار بوون.

لە رۆژی شەممە 20/1/2018ـەوە، سوپای ئازادی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و سوپای تورکیا بە بەکارهێنانی هێزی ئاسمانی، زەمینی و تۆپخانە، لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی (چلە زەیتوون)، هێرشیان کردووەتە سەر شاری عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان.












باسنیوز
Top