یەکێتی: عەبادی خۆی لێ گەورە بووە بۆیە مووچە نانێرێت
دلێر ماوەتی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی لە پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند: "نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتەکەی عەبادییەوە، بەشێکی پەیوەندی بەوەوە ھەیە کە ئێمە لە ناو خۆشماندا تەبا نین، ئەمەش ھۆکارێکە بۆ ئەوەی کە عەبادی خۆی لێ گەورە بووە و تووشی غرووری سیاسی بووە و مووچە نانێرێت".
بە بڕوای ماوەتی، پێویستە هەرێمی کوردستان بەرامبەر بە بەغدا یەکڕیز بێت و ماڵی خۆی یەک بخاتەوە.
سەبارەت بە ناردنی چەند لێژنەیەک لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بۆ وردبینیکردن لە لیستی مووچەی چەند وەزارەتێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دلێر ماوەتی، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "حکوومەتی عێراق لە ناردنی لێژنە بۆ وردبینی لە لیستی مووچەی بەشێک لە وەزارەتەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، جددی نییە".
لە دانیشتنی نێوان حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان، عەبادی ئەوەی درکاندووە کە چەند حزبێک لەناوخۆی کوردستان داوایان لێی کردووە، مووچەی فەرمانبەران بۆ دوای هەڵبژاردنەکانی عێراق کە بڕیارە لە 12/5/2018 ئەنجام بدرێت، دوابخات، چونکە ئەگەر مووچە بنێرێت، ڕەنگە دەنگی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ڕێژەی پێشبینیکراو بەرزتر ببێتەوە. هاوکات ئارێز عەبدوڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: ”عەبادی گوتی چەند حزبێکی کوردستان داوایان کردووە، مووچەی فەرمانبەران ڕاستەوخۆ بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەنێردرێت“.
لە ساڵی 2014ەوە حکوومەتی عێراق، بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستانی بڕی و ئێستاش عەبادی لە زۆربەی لێدوانەکانیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەوان مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان دەنێرن، بەڵام چاودێران پێیان وایە کە گوتەکانی عەبای سەبارەت بە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان، تەنیا لە چوارچێوەی قسەدا ماوەتەوە.
باسنیوز
