بەرامبەر بە ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتوون پەرلەمانی کوردستان نەمامی زەیتوون دەچێنێت
ئەمڕۆ سێشەممە 6/2/2018، ئومێد خۆشناوە، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە پێگەی تایبەتی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، پۆستێکی کردووە و رای گەیاندووە، کە لە وەڵامی ئۆپراسیۆنی چڵە زەیتوون، ئەمڕۆ لە پەرلەمانی کوردستان، چوار نەمامی زەیتوون، وەک ھێمای بەرگری عەفرین چاندرا.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەوەشی نووسیوە: "سڵاو لە خۆڕاگری عەفرین و گەلی ئێمە".
سوپای تورکیا بەناوی ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتوون، لە 20/1/2018ەوە، ھێرشێکی ئاسمانی و زەمینی کردووەتە سەر شاری عەفرین، بەڵام تائێستا ھیچ پێشڕەوییەکی نەکردووە، لەو ھێرشانە نزیکەی 150 ھاووڵاتیی سڤیڵ شەھیدبوونە، زیاتر لە 300 کەسیش بریندارە.
