ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک: خەڵکی کەرکووک لە ژیانی ڕۆژانەیان دڵنیا نین
ئەحمەد عەسکەری، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، لەمبارەوە، ڕایگەیاند: "بارودۆخی شاری کەرکووک ناسەقامگیرە و ھاووڵاتیانی ناوچەکە ھیچکات لە ژیانی خۆیان دڵنیا نین، چونکە سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لە دەروەی ناوچەکە ھاتوونەتە ناو شاری کەرکووکەوە، بێگومان تا ئێستا سوپای عێراق نەیتوانیوە لەڕووی ئەمنییەوە بارودۆخی کەرکووک کۆنتڕۆڵ بکات، ئەمەش ھاووڵاتیانی کەرکوکی بە ھەموو پێکھاتەکانەوە نیگەران کردووە".
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک گوتیشی: "ھەڵکوتانە سەر ماڵان و گێچەڵ سازکردن بۆ ھاووڵاتیانی شاری کەرکووک بنەبڕ نەکراوە، ئەمەش مانای ئەوە دەگەیەنێت، کە سوپای عێراق لەڕووی ئەمنییەوە ڕۆڵێکی لاوازی ھەیە، بە جۆرێک ناتوانێ بارودۆخی ناوچەکە کۆنتڕۆڵ بکات، بۆیە ھیچ متمانەیەک لە نێوان دەزگا ئەمنییەکان و ھاووڵاتیانی شاری کەرکوکدا نەماوە".
ئەحمەد عەسکەری، ئاماژەی بەواش دا: "پێشتر کاتێک ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، دەسەڵاتی بەسەر شاری کەرکووکدا ھەبوو، بارودۆخەکە بەم شێوەیەی ئێستا نەبوو، چونکە ھێزی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکانی دیکە شارەزایی تەواویان ھەبوو لە کۆنتڕۆڵکردنی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە، بەڵام ئێستا سوپای عێراق ھیچ شارەزاییەکی نییە بۆ ئەوەی بتوانێت بارودۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکات، بۆیە ھاووڵاتیان لە ژیانی خۆیان دڵنیا نین".
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری 2017، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر، هێرشی کردە سەر کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بەو هۆیەشەوە زیاتر لە نیوەی ڕووبەری خاکی هەرێمی کوردستان کەوتە دەست میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و نزیکەی 200 هەزار کەس ئاوارە بوون و سەدان پێشمەرگە و هاووڵاتیی سڤیلیش شەهید و بریندار بوون، جگە لەوەی میلیشیا شیعەکان لە شاری خورماتووی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین، سەدان ماڵی هاووڵاتییانی کوردیان تەقاندەوە و دەستدرێژییان کردە سەر کوردانی شارەکە.
باسنیوز
