سەفین دزەیی: تەنیا لە یەک کاتدا دەتوانین پارەکەی بەغدا خەرج بکەین

 سەفین دزەیی: تەنیا لە یەک کاتدا دەتوانین پارەکەی بەغدا خەرج بکەین
گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە حکوومەت لە یەک کاتدا دەتوانێ کار بەو پارەیە بکات، کە بەغدا ناردوویەتییە ھەولێر.

سەفین دزەیی، گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە (دەنگی ئەمریکا)ی راگەیاندووە، تا ئەو راددەیەی ئەوان ئاگادارن، ئەو پارەیەی بانکی ناوەندیی عێراق ناردوویەتییە ھەرێمی کوردستان ”بۆ راییکردنی کاروباری لقەکانی خۆیانە و ھیچ پەیوەندیی بە مووچەوە نییە“.

سەفین دزەیی ھەروەھا رایگەیاندووە، تا ئێستا لێژنەکانی حکوومەتی عێراق، کە وردبینیی لە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان دەکەن، ھیچ وەڵام و تێبینییەکیان لەسەر لیستی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان نەداوەتە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.

گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردووەتەوە، کە حکوومەت ناتوانێ ھیچ جۆرە مامەڵەیەک بەو پارەیەی لە بەغدا ھاتووەتە ھەولێر بکات ”چونکە ئەوە لەژێر دەسەڵاتی لقی بانکی ناوەندیە لەھەولێر. تەنھا کاتێک دەتوانێت مامەڵەی پێوەبکات کە بانکی ناوەندی ئەو بڕە پارەیە بگوازێتەوە سەر حسابی حکومەتی ھەرێمی کوردستان“.

سەفین دزەیی ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ناردنی ئەو بڕە پارەیە بەبێ ئەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەسەڵاتی بەسەردا ھەبێت، بۆ یاریکردنە بە ھەستی خەڵکی کوردستان و بەشێکە لە بانگەشەکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.

ھەروەک دزەیی رایگەیاندووە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوام ئامادەیی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی لەگەڵ حکوومەتی عێراق بەڕێگای دانوستاندن نیشان داوە ھەر کاتێکیش ”بەغدا بەفەرمی بڕیاری خۆی دا، کە موچە دەنێرێت یا نا، ئەوکات ئێمە ھەڵوێستی خۆمان دەبێت“.

ھەفتەی رابردوو وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، کە عێراق ٢٥٠ ملیار دیناری ناردووەتە لقی بانکی ناوەندیی عێراق لە ھەولێر.

دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە ٢٥ـی ئەیلوولی ٢٠١٧، کە تێیدا زیاتر لە %٩٢ـی دەنگدەران دەنگیان بە سەربەخۆیی کوردستان و جیابوونەوە لە عێراق دا، حکوومەتی عێراق چەندین سزا و گەمارۆی بەسەر گەلی کوردستاندا سەپاند، لەوانە؛ داخستنی فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی ھەولێر و سلێمانی و بڕینی بەشەبودجەی ھەرێمی کوردستان بە تەواوی.












باسنيوز
Top