ئەمریکا دڵنیایی دەداتە یەپەگە
سیپان حەمۆ، فەرماندەی یەپەگە بە رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)ی راگەیاندووە، کە ھاوکارییەکانی رژێمی سووریا بۆ ئەوان لە شەڕی دژی سوپای تورکیادا، ”تەنیا مرۆیی و پزیشکییە“.
سیپان حەمۆ ھەروەھا رایگەیاندووە، دوای ١٧ رۆژ ھێرش، تورکیا ھیچ ئامانجێکی خۆی لە عەفرین نەھێناوەتە دی و ”ئێستا بە حیساباتەکانی خۆیاندا دەچنەوە“.
فەرماندەی یەپەگە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەمریکا دڵنیایی داوەتە یەپەگە لەوەی رێگا بە سوپای تورکیا نادات ھێرش بکاتە سەر شاری منبج و بچێتە ناوییەوە.
ھەروەک سیپان حەمۆ رایگەیاندووە، لە میانەی ١٧ رۆژ رووبەڕووبوونەوەی سوپای تورکیا و گرووپە توندڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، ١١ تانکی تورکیا و ئەو ھێزانە سوورییانەیان تێک شکاندووە.
لە رۆژی شەممە ٢٠/١/٢٠١٨ـەوە، سوپای ئازادی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و سوپای تورکیا بە بەکارھێنانی ھێزی ئاسمانی، زەمینی و تۆپخانە، لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی (چلە زەیتوون)، ھێرشیان کردووەتە سەر شاری عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان.
باسنیوز
