پەرلەمانتارێکی پارتی بۆ ھۆشیار عەبدوڵا: تەنیا خۆفرۆشەکان سەربەخۆییان ناوێ
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبارەی قسەکانی ھۆشیار عەبدوڵا، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، رای دەگەیەنێت، تەنیا خۆفرۆشەکان سەربەخۆییان ناوێ، چونکە دوای سەربەخۆیی ئەوان پێگەیان نامێنێ و دەچنەوە ماڵەوە.
پاش ئەوەی سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم پەشیمان نین و نەیشاردەوە کە هەوڵەکانی بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی کوردستان بەردەوام دەبێت. هۆشیار عەبدوڵا، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە دیدارێکی تەلەڤزیۆنیدا بە توندی ڕەخنەی لە باسکردنی بابەتی سەربەخۆیی کوردستان گرت.
لە بەرامبەردا شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، وەڵامی قسەکانی هۆشیار عەبدوڵای دایەوە و بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "حەیدەر عەبادی زۆر لە هۆشیار عەبدوڵا ئاقڵترە و دەزانێ پێگەی بارزانی چییە؟ لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی کە بارزانی دەیڵێت بەتەنیا ھی خۆی نییە، بەڵکو ھی ھەموو کوردە، جگە لە خۆفرۆشەکان، ھەمووشمان دەڵێین دەستبەرداری سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردستان نابین، بەڵام تەنیا خەڵێک کە خۆفرۆشە، جورئەتی ئەوە دەکات بڵێن دەستبەرداری سەربەخۆیی دەبین".
ئەو پەرلەمانتارە، ئەوەشی خستە روو کە کاتێک کورد سەربەخۆ بێت و کوردستان ببێت بە دەوڵەت، ئەوان رۆڵیان نامێنێت، چونکە ”نانی ئەوان لەسەر ڕەزیلکردن و سوککردن و فرۆشتنی کوردە، بۆیە ئەگەر سەربەخۆ بین، ئەی ئیشی ئەوان دواتر چییە؟“.
شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ (باسنیوز)، خۆزگەی خواست هۆشیار عەبدوڵا ئەوەندەی قسە لەبارەی بارزانی دەکات، ”دوو قسەشی لەبارەی پێشمەرگەوە لە کاتی کۆبوونەوەکانی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراقدا بکردایە“. گوتیشی: ”ئەو ئەندامی ئەو لێژنەیەیە، بەڵام دوو جار لە کۆبوونەوەکانیشدا ئامادە نەبووە، بۆیە ئامانجی ئەو دژایەتیکردنی کوردە، سیمبولی کوردیش بارزانییە، لەبەر ئەوە ئەگەر بیەوێت لە کورد بدات ئەوا دەبێ لە بارزانیەوە دەست پێ بکات".
bas news-
