مونا قەهوەچی: لەبارەی پڕۆژەیاسای چاكسازی موزایەدە دەکرێ

مونا قەهوەچی: لەبارەی پڕۆژەیاسای چاكسازی موزایەدە دەکرێ
ئەمڕۆ هەر شەش لیژنەی پەیوەندیدار، لەسەر پڕۆژەیاسای چاكسازی كۆ دەبنەوە و ڕاپۆرتێكی گشتگیر ئامادە دەكەن، بۆ ئەوەی بە زووترین كات پڕۆژەكە ئامادە بكەن و لە پەرلەمانی كوردستان پەسەند بكرێت، كە بە بڕوای پەرلەمانتاران، پڕۆژەیەكی گرینگە و مانگانە نزیكەی 100 ملیار دینار بۆ حكوومەت دەگەڕێنێتەوە.

پڕۆژەیاسای چاكسازی، نزیكەی مانگێكە حكوومەت بۆ چاكسازی لە خانەنشینیی پلە باڵاكاندا ناردوویەتییە پەرلەمان، پڕۆژەكە ئاڕاستەی شەش لیژنە كراوە، كە لیژنەكانی یاسایی، دارایی، ناوخۆ، كاروباری پەرلەمان، دەستپاكی و كاروباری پێشمەرگەن و، دەبێت هەر لیژنەیەك راپۆرتی خۆی لەسەر بنووسێت و دواتریش هەمووان دەكرێنە یەك راپۆرت و ئاڕاستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەكرێت، كە بەپێی پڕۆژەكە، بڕیاری پلەباڵاكانی خانەنشینی نایاسایی و سەربازی هەڵدەوەشێتەوە.

مونا قەهوەچی، سەرۆكی لیستی پێشكەوتووی چاكسازیی توركمان لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، پڕۆژەی چاكسازی و پێداچوونەوە بە لیستی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی كوردستاندا، چەند هەنگاوێكی بڕیوە و هیچ گرفتێك لە بەردەم پڕۆژەكەدا نییە، ئەمڕۆیش هەر شەش لیژنەی پەرلەمان لەسەر پڕۆژەی چاكسازی و پێداچوونەوە بە لیستی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی كوردستاندا كۆ دەبنەوە و، ڕێككەوتن لەسەر ڕاپۆرتێكی گشتگیر دەكرێت كە لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستاندا دەبێت، ئێمەیش هەموو هەوڵێك دەدەین بە زووترین كات ئەو پڕۆژەیە لە پەرلەمانی كوردستان پەسەند بكەین، بۆ ئەوەی داهاتێكی باش بگەڕێتەوە بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بژێویی ژیانی خەڵك باش بكرێت، بۆیە ئەو پڕۆژەیە گرینگییەكی زۆری هەیە".

قەهوەچی ڕوونیشی كردەوە، "ئەگەر نیەت هەبێت و، فڕاكسیۆنەكان هەوڵی جیددی بدەن و بیانەوێت چاكسازییەكی ڕیشەیی بكرێت، دەكرێ بە زوویی دەستی پێ بكرێت، بەڵام ئێمە بەرەو هەڵبژاردن دەچین و موزایەدە زۆرە، هەندێك لە حزبەكان بە تایبەتی ئەوانەی نایانەوێت لەو كات و ساتەدا دەنگیان كەم ببێتەوە، كێشە دروست دەكەن، وەلێ پڕۆژەكە بە شێوەیەك ئامادە دەكەین كە زیان بە هیچ كەس و لایەنێك نەكەوێت و بە زووترین كات پەسەند بكرێت."
kdp-
Top