جووتیارانی هەڵەبجە ناڕەزایەتییان دەربڕی
هۆشمەند محەممەد، بە نوێنەرایەتیی جووتیارانی هەڵەبجە، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا گوتی، "لەلایەن ئەندامانی كوردی پەرلەمانی عێراقەوە پێمان ڕاگەیێندراوە كە حكوومەتی عێراق بڕیاری داوە بەشێك لەو پارەیەی گەنمی ساڵانی 2014 بۆ 2017 كە لای حكوومەتی عێراقە، ببڕێت و بە تەواوەتی شاییستەی داراییەكانمان بۆ خەرج نەكات، ئەوەیش قابیلی قبووڵ نییە."
محەممەد گوتیشی، "داوا لە ئەندامانی كورد لە پەرلەمانی عێراق دەكەین بەدواداچون بۆ ئەو بڕیارەی بەغدا بكەن و، ڕێگە نەدەن پارەی جووتیارانی هەرێمی كوردستان بخورێت."
حكوومەتی عێراق، شاییستەی دارایی جووتیارانی تەواوی پارێزگاكانی عێراقی خەرج كردووە جگە لە جووتیارانی هەرێمی كوردستان، كە لە ئێستادا بەشی زۆری پارەی ساڵانی 2014 تا 2017ـی جووتیارانی كوردستان لای بەغدایە و خەرجی نەكردووە."
هەر پێوەست بەم پرسە، شێخ بورهان شێخ عێزەددین، بەڕێوەبەری بنكەی وەرگرتنی گەنم لە پارێزگای هەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "بە فەرمی هیچمان پێ نەگوتراوە لەسەر بڕینی بەشێك لە پارەی جووتیارانی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە، ئەوەی هەیە ئەندامانی كورد لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرایان كردووە كە بەغدا بڕیاری بڕینی بەشێك لە پارەی شاییستەی دارایی جووتیارانی هەرێمی كوردستانی داوە، كە ئەمەیش ستەمێكی ترە بەغدا لە جووتیارانی كوردستانی بە گشتی دەكات."
شێخ عیزەدین هەروەها دەڵێ، "بەشێكی زۆری پارەی ساڵانی 2014 بۆ 2017ـی جووتیارانی هەڵەبجە هێشتا لای بەغدایە و بۆیانی خەرج نەكردووە، هەرچەندە ئێمە توانیومانە 115 هەزار تۆن گەنم بۆ 4 ساڵ لە جووتیاران وەربگرین لەسەر بڕیاری بەغدا، بەڵام بەروبوومی جووتیاران زۆر لەوە زیاتر بووە."
بەڕێوەبەری بنكەی وەرگرتنی گەنم لە پارێزگای هەڵەبجە ئاماژەیشی دا، جووتیاران هێشتا %35ـی پارەی ساڵی 2014 و 2015ـیان بۆ خەرج نەكراوە كە دەكاتە (12)ملیار دینار، بۆ ساڵی 2016ـیش (12)ملیاری جووتیاران لای بەغدا ماوە، هەروەها بۆ ساڵی 2017 ملیارێك و 200 ملیۆن دینارە، ئەمە لە كاتێكدایە كە حكوومەتی عێراق پارەی تەواوی ساڵەكانی بۆ جووتیارانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق خەرج كردووە 100%."
kdp-
