باڵی دەستڕۆیشتووی ناو یەکێتی ھەوڵی دواخستنی کۆنگرەی حزبەکە دەدەن
سەرچاوەیەکی باڵا لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕايگەیاند، یەکێتی بەھۆی باڵ و ئاڕاستە جیاوازەکانییەوە ناتوانێ بڕیار لەسەر بەستنی کۆنگرە بدات، هەرچەندە ئەنجومەنی سەرکردایەتیی ئەو حزبە تا ئێستا ٣ جار کۆبووەتەوە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر بەستنی کۆنگرە بدات، بەڵام لە کۆبوونەوەکاندا بڕیاری یەکلاکەرەوە نەدراوە، بەڵکوو کۆبوونەوەکانیش بەھۆی ناکۆکی و ململانێیەکانەوە بۆ ماوەیەکی نادیار دوا خراون.
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: "باڵی دەستڕۆیشتووی ناو یەکێتی بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ کەیسی بەستنی کۆنگرەیان دوا خستووە و دەیانەوێ لەبری کۆنگرە، پلینیۆمێک ببەستن، بەڵام پیلینێۆم دادی کێشەکانی یەکێتی نادات، چونکە کێشەکانی یەکێتی ھێندە ئاڵۆزن، مەحاڵە پیلینێۆمێک بتوانێ کێشەکان چارەسەر بکات".
"ڕەنگە باڵی دەستڕۆیشتووی ناو یەکێتی بۆ دژایەتیکردنی کۆسرەت ڕەسووڵ بیانەوێ کۆنگرە دوا بخەن، ئەگینا ھەموو سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی و کادیرەکانی یەکێتی دڵخۆشن بەوەی یەکێتیی کۆنگرە ببەستێت، بۆیە داوا دەکەین یەکێتیی ھێندەی دیکە کۆنگرە دوا نەخات، چونکە نەبەستنی کۆنگرە دەبێتە ھۆی زیانگەیاندن بە ڕیزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان".
هەمان سەرچاوە ئەوەی نەشاردەوە کە باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی و گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر بە گومانێکی زۆرەوە لەو لێژنەیە دەڕوانن کە بە سەرۆکایەتیی کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، بۆ ئامادەکاریی تایبەت بە کۆنگرە دامەزراوە.
هەر لەبارەی لێژنەکە، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد کە خوشکی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، کەسی یەکەمی نێو باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتییە، لە دوایین نووسینیدا کە ئەمڕۆ دووشەممە 5/2/2018 بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە، لە کاتێکدا جەماوەری یەکێتی چاوەڕوانی دیاریکردنی ڕۆژی کۆنگرەیە، ”خۆتان سهرقاڵی دروست كردنی لیژنهی كۆنگرهیهكی نادیار كردووە و كۆمهڵێك لیژنهتان دروست كردوه كه كهس نازانێت له سهر چ بنهما و به چ پێوهر و به پێی كام بڕگه و خاڵی پهیڕهو دانراون“. هاوکات بەبێ ئەوەی ناوی کۆسرەت ڕەسوڵ بهێنێت، پرسیاری ئەوەی کردووە: ”كهی بووه كهسانێك كه بهتهمای خۆپاڵاوتن بن، بكرێنه سهرۆكی لیژان بۆ كۆنگرهیهك كه ههڵبژاردنی تێدا ئهنجام بدرێت؟“.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی یەکشەممە 4/2/2018، بە سەرۆکایەتیی کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی، کۆبوونەوەی لێژنەی ئامادەکاریی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی بەڕێوە چوو.
باسنيوز
