ئەمڕۆ، پشکی کوردستان لە بودجە یەکلایی دەکرێتەوە

 	 ئەمڕۆ، پشکی کوردستان لە بودجە یەکلایی دەکرێتەوە
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، وا بڕیارە لیژنەی داراییی هەرێم و وەزارەتی دارایی عێراق پشکی ھەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجە یەکلایی بکەنەوە.

لە کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکوەزیرانی عێراق و فراکسیۆنە کوردستانییەکاندا، لیژنەیەک لە نوێنەرانی کورد لە لیژنەی دارایی دروست کراوە بۆ ئەوەی لەبارەی پشکی ھەرێمی کوردستان، رێککەوتن بکرێت لەگەڵ وەزارەتی داراییی حکوومەتی عێراق و، پاش ڕەزامەندیی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ڕیککەوتنەکە لە پڕۆژەیاسای بودجەدا جێگیر بکرێت.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، عەرەفات کەرەم، گوتیشی، "ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەندامانی ئێمە لە لیژنەی دارایی، لەگەڵ وەزارەتی داراییی حکوومەتی عێراق لەبارەی پشکی ھەرێمی کوردستان کۆ دەبنەوە، کۆبوونەوەکە بۆ ئەوەیە رێکبکەون. هەڵبەتە باس لەوە کراوە بەپێی رێژەی دانیشتوانی ھەرێم پشکی ھەرێم دیاری دەکرێت، کە ئەمەش باشترە لەوەی رێژەی١٢%ی بدرێتە ھەرێمی کوردستان ".

د. عەرەفات کەرەم بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی هەروەها گوتی ، "دوێنێ شەممە، سەرۆکی پەرلەمان پەیوەندی پێمەوە کرد و، گوتی کە سبەی پڕۆژەیاسای بودجە خوێندنەوەی دووەمی بۆ دەکرێت، داوایشی کرد کە ئێمەش بەشداری بکەین و دەنگی پێبدەین، بەڵام ئێمە گوتمان ئەگەر لەگەڵ وەزارەتی دارایی بگەینە رێککەوتن ئەوا دەنگ بە بودجە دەدەین، بە پێچەوانەوە دەنگی پێنادەین، ڕاستییەکەی دەنگدان و دەنگنەدانی ئێمە بە پڕۆژەیاساکە ئەمڕۆ یەکلایی دەکرێتەوە."

حکوومەتی عێراق دووترلیۆن و٤٠٠ملیار دیناری وەکو پشکی ھەرێم حیساب کردووە، کە بە بڕوای سەرحان سلێڤانەیی، "زۆر کەمە."
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوتیشی: "ئێمە سەردانی وەزارەتی دارایی دەکەین، داوا دەکەین وەکو ئەوەی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی دیاریی کردووە، کە بڕی ١٠ترلیۆنە، بدرێتە ھەرێمی کوردستان، ئینجا ئەگەر لەگەڵ وەزارەتی دارایی گەیشتینە رێککەوتن، ئەوا دەیکەینە راپۆرتێک و دەیدەینە سەرۆکوەزیران، کە سەرۆکوەزیرانیش قبووڵی کرد، ئەوکات لە بودجە دیاری دەکرێت و ئێمەش دەنگ بە بودجە دەدەین."
kdp-
Top