پاڤێڵ تاڵەبانی ناوچە داگیرکراوەکانی دوای خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر بە ئازادکراو ناو دەهێنێت
دوای سەردانەکەی بۆ شاری بەغدای پایتەختی عێراق کە لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە بە شێوەیەکی بەردەوام ئەنجامی دەدات، ڕۆژی هەینی 2/2/2018، پاڤێڵ تاڵەبانی دیدارێکی لەگەڵ فوئاد مەعسووم، سەرۆک کۆماری عێراق ئەنجام دا. لەبارەی دیدارەکەوە لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) پاڤێڵ تاڵەبانی نووسیویەتی: ”گەڕانەوەی ئۆقرەیی و ژیانی ئاسایی بۆ ناوچە ئازادكراوەكان دووپات كرایەوە“. بەو هۆیەشەوە دەیان کەس لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕەخنەی توندیان ئاراستەی کردووە و بە بەردەوامبوون لەسەر ئەو سیاسەتە وەسفیان کردووە کە لە 16ی ئۆکتۆبەرەوە دەستی پێکردووە.
لەبارەی بەکارهێنانی دەستەواژەی ناوچە ئازادکراوەکان بۆ کەرکووک و خورماتوو و ناوچەکانی دیکە،مەلا کەریم شکور، بەرپرسی مەڵبەندی حەمرینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕایگەیاند: "نازانم خورماتوو چۆن ئازاد کراوە؟ کە ژمارەیەکی زۆر ماڵەکانی تەقێندراوەتەوە و خەڵکەکەشی ئاوارە بووە، بەڵام ئەوەی بەرانبەر خورماتوو کراوە، لە ھیچ شوێنێکی دیکە ڕووی نەداوە و ئەگەر ھێزێکی داگیرکەریش بووایە، بەو جۆرە مامەڵەی لەگەڵ خورماتوو نەدەکرد".
ئەو بەرپرسەی یەکێتی ڕوونیشی کردەوە، ئەو ھێزەی چووەتە خورماتوو، وەکوو داگیرکەر مامەڵەی لەگەڵ خەڵکی ناوچەکەدا کردووە. دووپاتیشی کردەوە: ”مامەڵەی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بەرامبەر بە خورماتوو مامەڵەیەکی نەشاز بووە و وەکوو داگیرکردن مامەڵەی لەگەڵدا کراوە".
مەلا کەریم شکور گوتیشی: ”ھەر کەسێک بڵێ خورماتوو ئازاد کراوە، بۆچوونی خۆیەتی، بەڵام لەگەڵ ئەو قسەیەدا نیم، چونکە مامەڵەیەکی نەشیاو لەگەڵ ھاووڵاتییانی ناوچەکەدا کراوە و دەیان خانووی هاووڵاتییان لەلایەن ئەو ھێزەوە تەقێندراوەتەوە".
باسنیوز
