بەرپرسی کۆمیتەی یەکێتی لە مەخموور: ئێمە وەسیلەی نێوان خەڵک و پۆلیسی ئیتیحادین
ئەمڕۆ یەکشەممە 4/2/2018، ڕەشاد گەڵاڵی، بەرپرسی کۆمیتەی مەخمووری یەکێتی، ڕایگەیاند: "دوای پاشەکشێی یەکە ئیدارییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە 18ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 لە مەخموور، ماوەی زیاتر لە 110 رۆژە شارۆچکەی مەخموور، ھیچ فەرمانگەیەکی سەر بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی تێدا نەماوە، لە قایمقامەوە تا دەگاتە فەرمانبەرێکی ئاسایی، ئێستاش ھەموو کارێکی خەڵک لەگەڵ فەرمانگەکانی سەر بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕاوەستێنراوە".
بە گوتەی گەڵاڵی، ئێستا لە سنووری مەخموور، ”ھیچ گرفتێکی ئەمنی نییە“ و تیپی سێی پۆلیسی فیدڕاڵی لە مەخموورن و ”حەشدی شەعبی لە مەخموور نییە“، لە کاتێکدا کوردانی دانیشتووی مەخموور جەخت لەوە دەکەنەوە کە چەکدارانی حەشدی شەعبی بە ناوی پۆلیسی فیدرالی لە مەخموور دان.
ئەو بەرپرسەی یەکێتی گەرمیی پەیوەندیی نێوان خۆیان و هێزە عێراقییەکان ئاشکرا دەکات و دەڵێت: ”ئێمە بەشێک دەبین لە کەمکردنەوەی ئازارەکانی خەڵکی مەخموور، تەنانەت پێشمەرگەیەکی پارتی بە چەک و بڕێکی زۆر لە فیشەکەوە دەستگیرکراوە کە بەپێی یاسابێ، دەبێت ئەو کەسە بگیرێت و سزا بدرێت، بەڵام ئێمە ئازادمان کرد“. دووپاتی کردەوە: ”ئێمە وەسیلەین لەنێوان خەڵک و پۆلیسی ناوچەکە".
ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر (باسنیوز) ئاشکرای کرد، بە چاوساخیی ژمارەیەک لە کادیرانی کۆمیتەی مەخمووری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، حەشدی شەعبی هەڵمەتێکی گەڕان و پشکنینی لە گەڕەکی (کوردستان)ی شاری مەخموور ئەنجام داوە و ژمارەیەک کەسیان دەستگیر کردووە.
باسنیوز
