پەرلەمانتارێكی نزیك لە عەبادی: نێچیرڤان بارزانی سەردانی بەغدا دەكات
عەباس بەیاتی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە بە كەسێكی نزیك لە حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی عێراق دادەنرێت، بۆ کەناڵی (كوردستان 24)ی ڕاگەیاند: "بە گوێرەی زانیارییەكانمان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەردانی بەغدا دەكات و ئێمە پێشوازی لەو سەردانە دەكەین و پێشتریش دیدار لە نێوان عەبادی و بارزانی ئەنجام دراوە و لەو دیدارانەدا لە سەر پرسەكانی نێوان هەولێر و بەغدا گفتوگۆی بونیادنەریان كردووە و دیدارەكانی داهاتووی نێوانیان بێگومان رێككەوتن و لێكتێگەیشتنی لێ دەكەوێتەوە، بەتایبەت گفتوگۆ لەسەر ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و كردنەوەی فڕۆكەخانەكان و خاڵە سنوورییەكانیذش دەكرێت".
عەباس بەیاتی ئاماژەی بەوەش کرد: "سەردانەكەی داهاتووی نێچیرڤان بارزانی درێژەی گفتوگۆكانی نێوان عەبادی و بارزانییە كە لە ماوەی چەند دوو هەفتەی ڕابردوودا دوو دیداریان ئەنجام داوە، بۆیە پێویستە هەوڵ بدرێت هەتا دەست بە چارەسەركردنی كێشەكان بكەن".
گوتیشی: "حكوومەتی عێراق بۆ وردبینی لە لیستی موچەخۆران و فەرمانبەران، لێژنەی ڕەوانەی هەرێمی كوردستان كردووە".
باسنيوز
