پەرلەمانتارێك كارەكانی لێژنەی لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكانی خورماتوو ئاشكرا دەكات
خۆشەوی خەلیل، پەرلەمانتار لەسەر فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "لە خشتەی كۆبوونەوەكەی دوێنێ شەممە 3/2/2018ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا بابەتی دیاریكردنی ئەندامانی لێژنەی لێكۆڵینەوە، لەسەر ڕووداوەكانی دوای 16ی ئۆكتۆبەری خورماتوو هەبوو، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاسایی ئەندامان، كۆبونەوەكە دوا خرا".
جەختی كردەوە: "ئەگەر بزانین لە كۆبوونەوەی داهاتوودا دەنگ بە ئەندامانی لێژنەی لێكۆڵینەوە لەسەر ڕووداوەكانی خورماتوو دەدرێت، ئەوا بەشداری كۆبوونەكەی دەكەین و دەنگ بە ئەندامانی ئەو لێژنەیە دەدەین كە لە كورد و لایەنەكانی تریش پێكدەهێنرێت".
ڕوونی كردەوە: "كاری لێژنەكە ئەوە دەبێت كە بە شێوەی مەیدانی سەردانی خورماتوو بكەن و لێكۆڵینەوە لەسەر ڕووداوەكانی ئەو شارە بكەن، بۆ ئەوەی بۆیان ڕوون ببێتەوە كێ هۆكار بووە لەسەر ئەو كارەساتەی كە بەسەر خەڵكی خورماتوودا هێنرا".
دوای داگیركردنی میلیشاكانی حەشدی شەعبی لە 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017، ئەو میلیشیانە دەستیان بە تەقاندنەوە و بە تاڵانبردن و سوتاندنی خانووی هاووڵاتییانی كوردی خورماتوو كرد و بەهۆی كردەوە توندوتیژییەكانیانەوە كوردانی خورماتوو ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون.
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەکی دیکە، بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.
ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سکترتێری گشتی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە".
ڕۆژی 27/12/2017 جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕاشکاوی ڕای گەیاند: ”هۆکاری 16ی ئۆکتۆبەر ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵکوو خیانەتی گرووپێکی نێو یەکێتی بوو“. باسیشی لەوە کرد کە ئەگەر مام جەلال لە ژیان بوایە، ئەو گرووپەی نێو یەکێتی وەک خیانەتکار سزا دەدا.
باسنيوز
