بە ھەوڵی فراکسیۆنی پارتی، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بڕیارێکی دژی عه‌ره‌باندن دەركرد

 بە ھەوڵی فراکسیۆنی پارتی، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بڕیارێکی دژی عه‌ره‌باندن دەركرد
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ده‌ڵێ، دوای ھەوڵێکی زۆر توانیویانه‌ له‌ ڕێی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی عێراقه‌وه‌ بڕیارێك بۆ وه‌ستاندنی پرۆسەی عه‌ره‌باندن لە شاری کەرکووک ده‌ربكرێ و، ئەو عەرەبانەی ھاوردە کراون، گرێبەستی وەرگرتنی زەویی کوردیان بۆ نوێ ناکرێتەوە.

لە دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە، جارێکی دیکە پرۆسەی عه‌ره‌باندن لە شاری کەرکووك دەستی پێکرد و، عەرەب ھاوردەی ئەو شارە كرانه‌وه‌ و داویان لە کوردەکان دەکرد دەستبەرداری زەویی و خانووەکانیان بن و چۆڵی بکەن و، دەستی بەسەردا بگرن.

جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان و نوێنەری پارێزگای کەرکووک لە پەرلەمانی عێراق، شاخەوان عەبدوڵڵا بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوتی: "سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیارێکی دەرکردبوو بۆ ئەوەی جارێکی دیکە پۆستەکانی کەرکووک دابەش بکرێنەوە، بەڵام ئێمە نارەزایەتیمان دەربڕی و ھەوڵێکی زۆرمان دا، تا توانیمان بڕیارەکە رابگرین و جێبەجێ نەکرا، بەڵام دواتر عەرەب و تورکمان پڕۆژەیەکی دیکەیان ئامادە کردبوو بۆ ئەوەی پۆستەکان دابەش بکرێنەوە، ئەو پڕۆژەش ھێشتا نەھاتووە بۆ پەرلەمان و، خۆ ئەگەر بێتە پەرلەمانیش، بە ھیچ جۆرێک رێگەی پێنادەین تێپەڕێت، چونکە پڕۆژەکە بەھیچ جۆرێک یاسایی و دەستووری نییە.''

شاخەوان عەبدوڵڵا ده‌ڵێ، ''شەوی رابردوویش رەزامەندیی وەزیری کشتوکاڵی حکوومەتی عێراقم وەرگرت بە پووچەڵکردنەوەی گرێبەستەکانی ئەو عەرەبانەی ھاوردەی کەرکووك کراون بۆ عه‌ره‌باندنی ئەو شارە، چونکە لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە گوشارێکی زۆریان لەسەر جووتیارانی کورد دروست کردووە، بۆ ئەوەی دەستبەرداری زەوییەکانیان بن و گوندەکانیش چۆڵ بکەن و ئەوانیش دەستی بەسەردا بگرن.''
ئه‌و جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌، ''وەزیری کشتوکاڵ لەسەر داوای ئێمە نووسراوی فەرمیی بۆ کشتوکاڵی کەرکووک کردووە بۆ ئەوەی نوێکردنەوەی گرێبەستی زەوییەکان رابگرن و، رێکاری پێویست بگرنە بەر، چونکە بە پێچەوانەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران و ماددەی١٤٠ی دەستووری عێراقە، بۆیە ئەمەش وا دەکات رێگری بکرێت لە پرۆسەی عه‌ره‌باندن لە شاری کەرکووک.''
kdp -
Top