بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن دژی خۆبەخشان لاھوور جەنگی و حەشدی شەعبی ڕێک دەکەون
ئەمڕۆ شەممە 3/2/2018، ئەرسەلان عەلی، بەرپرسی ناوچەی خورماتووی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند: "بەپێی زانیارییەکانمان، لاھوور جەنگی سەردانی سنووری خورماتووی کردووە و لەگەڵ ئەو ھێزانەی عێراق لە سنوری خورماتوو کۆبووەتەوە بۆ ئەوەی بە هەماهەنگی، ئۆپەراسیۆنێک لە ناوچەی (داودە)ی سەر بە خورماتوو ئەنجام بدەن، بەبیانوی نەھێشتنی ھێزە نەناسراوەکە".
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ئامانجی کۆبوونەوەکە ئەوە بووە، هێزەکانی عێراق و ئەو بەشەی هێزەکانی پێشمەرگە کە لەژێر بڕیاری لاهوور جەنگیدا دەکرێ بجووڵێنرێن، هەماهەنگی بکەن و دواتر هێزە عێراقییەکان لە ناوچەکە بمێننەوە.
ھاوکات ئەرسەلان عەلی ئەوەشی ئاشکرا کرد: "ئێستا باس لەوە دەکرێت کە ھێزەکانی عێراق تا نزیک گوندی (قوشەلان)ی ناوچەی داودە دێن و بە نیازن لەم ھەفتەیەدا ئۆپەراسیۆنێک لە دژی ھێزە نەناسراوەکە و خۆبەخشەکان ئەنجام بدەن".
ئەمە لە کاتێکدایە کە ناوچەی داودەی سەر بە خورماتوو، زیاتر لە 50 گوندی کوردنشین لەخۆوە دەگرێت و لە راپەرینەکەی بەھاری ساڵی 1991ەوە تا ئێستا، لە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دایە، بەڵام وەک چاودێران ئاماژەی بۆ دەکەن کە ئێستا ویستێک ھەیە بۆ ئەوەی ناوچەی داودەش بخەنە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی عێراق و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی.
باسنیوز
