عەبادی: چەند لایەنێکی کوردستان داوایان لێکردم مووچەی فەرمانبەران بۆ هەرێمی کوردستان نەنێرم
ئارێز عەبدوڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لە میانی دوایین دانیشتنی ڕۆژی پێنجشەممە 1/2/2018ی نێوان سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان و حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕەخنەی ئەوەیان لێگرتووە کە لە بری ناوهێنانی هەرێمی کوردستان، ناوی پارێزگاکانی هێناوە.
ئەوەشی نەشاردەوە کە لە کۆبوونەوەکەدا عەبادی ئاشکرای کردووە، هەندێک لایەنی کوردستان داوایان لێ کردووە، مووچەی فەرمانبەران بۆ هەرێمی کوردستان نەنێرێت. گوتیشی: ”عەبادی دەڵێ لایەنەکان داوایان کردووە مووچە ڕاستەوخۆ بۆ پارێزگاکان بنێردرێت، بەو بیانووەی لە هەرێمی کوردستانەوە نادرێت بە خەڵک“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە داوای لە عەبادی کردووە، ناوی لایەنەکان ئاشکرا بکات، بەڵام ناوەکانی ئاشکرا نەکردوون.
باسنیوز
