ماڵپەڕەکەی مەلا بەختیار: ئاڵا ئەسەدی هەوڵی تێکدانی کۆبوونەوەیەکی عەبادی و کوردانی داوە
بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی (چاودێر)ی سەر بە مەلا بەختیار، ئاڵا تاڵەبانی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، هەوڵی داوە کۆبوونەوەکەی نێوان عەبادی و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان تێک بدات.
ماڵپەڕەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە ئاڵا تاڵەبانی بە عەبادی گوتووە، ئەگەر لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان کۆببیتەوە، ”فراكسیۆنەكانی شیعە و سوننە لێت نیگەران دەبن".
ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوە داوە: ”ئەم هەوڵەی ئاڵا تاڵەبانی، دەرخەری ئەو راستییەیە كە هێشتا كەین و بەین لە نێوان چەند كەسێك و لایەنێك لە حكوومەتی عێراق و كوردستان ماوە بۆ ئەوەی ببنە كۆسپی بەردەمی چارەسەركردنی كێشەكان“.
لە بەرامبەردا ئاڵا تاڵەبانی لە پەیجی خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، هاوشێوەی ئەو کارانەی پێشتر کردوویەتی و دواتر تۆمەتەکەی خستووەتە سەر لایەنی دیکە، ماڵپەڕی (چاودێر)ی بە ”کۆپی پەیستی سایتەکانی پارتی“ تۆمەتبار کردووە و چەند شتێکی ئاماژە پێ داوە وەک پاکانەیەک بەرامبەر ئەو زانیارییانەی کە ماڵپەڕەکە ئاشکرای کردووە.
باسنیووز
