ئەمریکا: پشتیتوانی لە خەباتی ژنانی ئێران دەکەین
هێزر نائۆرت، لە ڕاگەیەنەدراوەکەی خۆیدا ئاماژەی بەوەش کردووە: "شەپۆلی دەستگیرکراوەکانی ئەمدوایە کە 29 ژنیان بەهۆی پێداگری لەسەر مافەکانیان و بەتایبەت دژایەتیی سەرپۆشی زۆرەملێ دەستگیر کردووە، ئیدانە دەکەین".
پۆلیسی تاران دوێنێ هەینی ئاشکرای کردووە 29 ژنیان بەهۆی ناڕەزایی دەربڕین لە بەرانبەر سەرپۆشی زۆرەملێ لە شەقامەکانی تاران دەستگیر کردووە، ئەو کەسانە لە چوارچێوەی چالاکیی کەمپینی (چوارشەممە سپییەکان) دەستگیر کراون.
لە کاتی ناڕەزایی و ئاڵۆزییەکانی ئێران کەلە کۆتاییەکانی 2017 لە نزیکەی 100 شاری ئێران سەریان هەڵدا، ژنان و کچانیش تێیدا دەوری بەرچاویان هەبوو، کە تێیدا کچێک بەناوی "ویدا مۆوەحێد" لە شەقامی "ئیقلاب"ی تاران بە لابردنی لەچکەکەی خۆی و هەڵواسینی بە دارێکەوە بووە هێمای ناڕەزایی لە بەرانبەر حیجابی زۆرەملێی ژنان لە ئێران و پاشان بە "کچەکەی شەقامی شۆڕش" ناوبانگی دەرکرد و لە ماوەی یەک هەفتەی ڕابردوودا و پاش سەرهەڵدانەوەی ناڕەزاییەکانی ئێران، بە دەیان کچ و ژن بە لابردنی لەچک و سەرپۆشەکانیان دەنگی ناڕەزاییان هەڵبڕیوە.
لە بەرانبەر ئەو ناڕزاییەی ژنان و کچانی ئێراندا داواکاری گشتیی تاران و بەرنوێژی ڕۆژانی هەینیی ئێران هەڕەشەیان لە ژنان کردووە کە هەرکەس بە بەبێ سەرپۆش بێتە سەرشەقامەکان دەستگیر دەکرێت و دژی یاسایە و دەخرێتە زیندانەوە.
باسنیوز
