کەلار .. شوێنێکی نوێ مەزادخانەی شارەکە دیاری کرا
شەھاب حاجی ئەحمەد، قایمقامی قەزای کەلار، ڕايگەیاند: "ئەمڕۆ 1/2/2018 لەگەڵ سەرۆکی شارەوانی کەلار و تیمێک لە ئەندازیارانی شارەوانی و لێژنەیەکی تایبەت، بەمەبەستی دیاریکردنی شوێنێک بۆ مەزادخانەی ڕۆژانی ھەینی شاری کەلار سەردانی چەند شوێنێکمان کرد و لەسەر ڕاوبۆچوونی ھەمووان بڕیارمان دا بەدەستنیشانکردنی پارچە زەوییەک لەسەر شەقامی پشتێنەی شاری کەلار لە نزیک بینای نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی کەلار بۆ مەزادخانەکە".
قایمقامی قەزای کەلار، ئەوەشی خستە روو، کە ھەفتەی داھاتوو دەست دەکرێت بەچەوڕێژکردن و ڕێککرنەوەی ئەو پارچە زەوییەی بۆ مەزادخانەکە دیاریکراوە و ڕۆژی ھەینی داھاتوو 9/2/2018 بەڕووی کاسبکاران و ھاووڵاتیاندا دەکرێتەوە و مەزادخانەکەی ئێستا کە دەکەوێتە نزیک عەلوەی کەلار قەدەغە دەکرێت.
ئاشکراشی کرد، کە ھۆکاری گواستنەوەی مەزادخانەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پێشتر لەنێو شارەکەدا بووە و دەبووە ھۆی قەرەباڵغی و کێشە و گرفت بۆ ھاووڵاتییان.
باسنيوز
