سەرۆکفراکسیۆنی پارتی چوونی عەبادی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران، بە زیان دەبینێت

سەرۆکفراکسیۆنی پارتی چوونی عەبادی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران، بە زیان دەبینێت
سەرۆککوەزیرانی عێراق بە مەبەستی تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای بودجە، ئەمڕۆ دەچێتە ئەنجوومەنی نوێنەران، سەرۆکفراکسیۆنی پارتییش، ئامادەبوونەکەی بە زیان دەبینێت.

چەند مانگێکە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی ٢٠١٨ی پەسەند کردووە و رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی کردووە، بە هۆی ناڕەزایەتیی کورد و سوننە و چەند فراکسیۆنێکی تر، تاوەکو ئێستا پەسەند نەکراوە و نەکراوەتە یاسا، عەرەفات کەرەم بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایگەیاند: "دەبوایە پێش خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەکە بهاتبایە، ئەوەش نیگەرانیی فراکسیۆنە کوردەکانی لێکەوتووەتەوە".

بە هۆی ئامادەبوونی عەبادی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەراندا، کە بڕیارە سەعات ١ی دوانیوەڕۆ ببەسترێت، فراکسیۆنە کوردییەکان بڕیاریان داوە پێش ئەو وادەیە، کۆ ببنەوە.
کەرەم دەڵێ، کۆبوونەوەکەیان بۆ مەبەستی بڕیاردانە لە یەکهەڵوێستیی فراکسیۆنە کوردستانییەکان، کە ئایا لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجوومەنەکە بەشدار بن، یاخود بەشدار نەبن.

نیگەرانیی فراکسیۆنە کوردییەکان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی ٢٠١٨ بۆ ئەوە دەگێڕنەوە، کەوا بودجەی هەرێم %12ـی دیاری کردووە و داوا دەکەن بکرێتەوە، بە %17، هاوکات کۆمەڵێک بڕگەی تریش کە نیگەرانی کردوون وەک شایستە داراییەکانی پێشمەرگە و بودجەیەکی دیاریکراو بۆ پارێزگای هەڵەبجە، بۆیە ئەو نوێنەرەی کورد لە بەغدا دەڵێ، ئەو پڕۆژەیە بەو شێوە تێپەڕێت، لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی نییە.


عەرەفات کەرەم چوونی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ دانیشتنی ئەنجوومەنەکە و کۆبوونەوەیان لەسەر پڕۆژەکە، بە نەرێنی ناو دەبات، هێمایش بۆ ئەوە دەکات، کە عەبادی هەوڵی رازیکردنی فراکسیۆنەکان دەدات، تاوەکو بودجە تێپەڕێندرێت، چونکە بۆ سومعەی حکوومەت باش نییە، نموونەش بە نزیکیی بەستنی کۆنگرەی کوێت و قەرزەکان دەهێنێتەوە، گەر بودجە پەسەند نەکرێت، کێشەیان تێ دەکەوێت، هەرچەندە لە رووی یاساییەوە، تاوەکو بودجە پەسەند نەکرێت، بە سوودی عەبادییە، چونکە چاودێری لەسەر نامێنێت.

سوننەش وەک کورد ناڕازین بەو پڕۆژەیاسایەی بودجە و داواکارییان هەیە، وەک پاڵپشتییەکیش بۆ کورد سەیر ناکرێن، سەرۆکفراکسیۆنەکەی پارتی ئاماژە بەوە دەکات، "بە هۆی پەرتوبڵاویی نێو ماڵی سوننەکانەوە، ناتوانین پشتیان پێ ببەستین، گومان دەکەین عەبادی کارگەرییان لەسەر دابنێ.
kdp-
Top