پەرلەمان جێبەجێكردنی یاسای هاتوچۆی هەموار كردەوە
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢٠١٨/١/٣١، پەرلەمانى كوردستان بە سەرۆكایەتیی دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگرى سەرۆكی پەرلەمانى كوردستان و بێگەرد دڵشاد تاڵەبانی، سكرتێری پەرلەمان، دانیشتنی ژمارە (٦)ى ئاساییی خولی پاییزە، ساڵی پێنجەم لە خولی چوارەمى هەڵبژاردنى ئەنجام دا.
سەرەتا جێگرى سەرۆكی پەرلەمان، بەرنامەى كارى دانیشتنەكەى خوێندەوە كە لە چوار خاڵ پێك هاتبوو، خاڵی یەكەم بریتی بوو لە گفتوگۆكردنی پڕۆژەیاسای هەموارى یەكەمی یاسای هاتوچۆى ژمارە (٨٦)ى ساڵی ٢٠٠٤ لە هەرێمى كوردستان-عێراق، بە پێی ماددەكانی (٧٥،٧٤،٧٢) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (١)ی ساڵی ١٩٩٢ى هەمواركراو، خاڵی دووەمیش بریتی بوو لە خوێندنەوەى یەكەمی پڕۆژەیاسای پاراستنی تۆڕ و دامەزراوەكانی ئاو و ئاوەڕۆ لە هەرێمی كوردستان-عێراق، كە لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پێشكەش كراوە، بە پێی ماددەی (٧١) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانى كوردستان ژمارە (١)ی ساڵی ١٩٩٢ى هەمواركراو، خاڵی سێیەمیش بریتی بوو لە دانانى ئەو ئەندامە بەڕێزانەى پەرلەمان لە لیژنە هەمیشەییەكانی پەرلەمانی كوردستان، بە پێی ماددەى (٤٤) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (١)ی ساڵی ١٩٩٢ى هەمواركراو: زیادكردنی ئەندامی پەرلەمان، بەڕێز ئەیوب عەبدوڵڵا ڕەسووڵ، بۆ سەر لیژنەی كاروبارى پەرلەمان، هەروەها زیادكردنی ئەندامى پەرلەمان، بەڕێز عەبدولڕەحمان فارس عەبدولڕەحمان (ئەبوو كاروان)، بۆ سەر لیژنەی كاروبارى كۆمەڵگەی مەدەنی، خاڵی چوارەم و كۆتایی بەرنامەی كاریش بریتی بوو لە گفتوگۆكردنی پڕۆژەى پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، كە لە لایەن لیژنەی كاتى بۆ پێداچوونەوەى پەیڕەوی ناوخۆ ئامادە كراوە، بە پێی بڕیاری ژمارە (٢٦)ى ساڵی ٢٠١٤ و بڕگەی (٨) لە ماددەى (پەنجاو شەشەم)ى یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (١)ى ساڵی ١٩٩٢ى هەمواركراو و پاڵپشت بە ماددەى (٩٤)ى پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (١)ى ساڵی ١٩٩٢ى هەمواركراو.
سەرەتاى دانیشتنەكە لە لایەن ژمارەیەك لە ئەندامانى پەرلەمانەوە پێشنیاز كرا گۆڕانكارى لە ڕیزبەندیی خاڵەكانی دووەم و سێیەمی بەرنامەی كار بكرێت و دواى خستنە دەنگدانییانەوە بە جیا، بە كۆی دەنگ خاڵی دووەم بوو بە خاڵی یەكەم و خاڵی سێیەمیش بوو بە خاڵی دووەم و بەو پێیەش لە لایەن لیژنەی كاروباری یاساییی پەرلەمانەوە خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای پاراستنی تۆڕ و دامەزراوەكانی ئاو و ئاوەڕۆ لە هەرێمی كوردستان كرا و لە لایەن سەرۆكایەتیی پەرلەمانەوە ئاراستەی لیژنە پەیوەندیدارەكان و سەرجەم ئەندامانى پەرلەمان كرا.
بە پێی خاڵی دووەمی بەرنامەی كاریش داوای گۆڕانكاریكردن لە ڕیزبەندیی خاڵەكان، بە كۆی دەنگی ئەندامانى ئامادەبوو، زیادكردنی ئەندامی پەرلەمان بەڕێز ئەیوب عەبدوڵڵا ڕەسووڵ، بۆ سەر لیژنەی كاروبارى پەرلەمان و زیادكردنی ئەندامى پەرلەمان بەڕێز عەبدولڕەحمان فارس عەبدولڕەحمان (ئەبووكاروان)، بۆ سەر لیژنەی كاروبارى كۆمەڵگەی مەدەنی پەسند كران.
بە پێی خاڵی سێیەمی بەرنامەی كاریش كە بریتی بوو لە گفتوگۆكردنی پڕۆژەیاسای (هەموارى یەكەمی یاسای هاتوچۆى ژمارە (٨٦)ى ساڵی ٢٠٠٤ لە هەرێمى كوردستان-عێراق)، دوای خوێندنەوەی پڕۆژەهەموارەكە و ڕاپۆرتی هاوبەشی هەردوو لیژنەى كاروبارى یاسایی و لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەكان و گفتوگۆكردنی سەرجەم ماددە و بڕگەكانی پڕۆژەهەموارەكە و خستنەڕووی سەرنج و پێشنیازى ئەندامانى پەرلەمان لەسەریان و سەرلەنوێ داڕشتنەوەیان بە ڕەچاوكردنی سەرنج و پێشنیازی ئەندامانى پەرلەمان بە مەبەستی دەوڵەمەندكردنی زیاتری و لادانی چەند ماددەیەك و زیادكردنی ماددەیەكى تازە پڕۆژەهەموارەكە بە دەنگدان و خستنە دەنگدانی ماددە بە ماددە و بڕگە بە بڕگەی پڕۆژەهەموارەكە و هۆكارەكانی دەرچوواندنی و دواتریش كۆی یاساكە، بە كۆى دەنگ پەسند كرا و بەو بۆنەیەوە جێگرى سەرۆكی پەرلەمان پیرۆزبایی لە ئەندامانى پەرلەمان و خەڵكی كوردستان كرد.
پێویستە بگوترێ مەبەست لە دەرچوواندنی ئەو یاسایە سنوورداركردن و كەمكردنەوەی ڕووداوەكانی هاتوچۆ و پاراستنی گیان و سامانى هاووڵاتییان و گونجاندنییەتی لەگەڵ ئامانجەكانى یاساكە.
kdp-
