"حکوومەتی داھاتووی عێراق بەرەو زۆرینەی مەترسیدار هەنگاو دەنێت"
شوان محەمەد تەھا، بەرپرسی لقی پێنجی پارتی لە بەغدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەوڵێکی زۆر ھەیە لە ئایندەدا حکوومەتی زۆرینە لە عێراق دروست بکرێت، نەک حکوومەتی تەوافوقی، ھەموو ئاماژەکان پێشبینین بۆ ئەوەی لە دوای پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکان حکوومەتی زۆرینە پێک بێت و لە ئێستاوە نیەتی حکوومەتی زۆرینە ھەیە."
ھاوکات بوخاری عەبدوڵڵا، شرۆڤەکاری سیاسی، نایشارێتەوە بیروکەی ئەوە ھەیە عێراق بەرەو حکوومەتێکی زۆرینە بەرن و ئەوان گەیشتوونەتە ئەو باوەرەی ھەمووکات دەتوانن زۆرینە پێک بێنن و لەو بارەیەوە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان زیاتر دوا و گوتی: "شیعە دەیەوێ عێراق بە ئاراستەیەک بەرێت کە خۆیان دەیانەوێت، ئاراستەیەکی وەھا ھەیە بۆ پێکھێنانی حکوومەتی زۆرینە بەوەش پڕۆسەی سیاسی لە عێراق شکست دێنێت."
لە دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق بە گوێرەی دەستوور دەوڵەتی عێراق لەسەر بنەمای پێکەوەژیان و تەوافوقی نێوان پێکھاتەکان بنیاد نراوە، بەڵام تا دێت پێکھاتەکانی وەک کورد و عەرەبی سوننە و کریستیان و تورکمان دوور دەخرێنەوە لە پڕۆسەی سیاسی.
شوان محەمەد تەھا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ڕەوشی سیاسی و واقیعی ئەمڕۆی عێراق ئەوەی بێ ھەزم ناکرێت ڕەوشەکە خراپتر دەکات و ئەگەر حکوومەت بە تەوافوق دروست نەکرێت، مەترسی بۆ سەر پێکھاتەکانی دیکە دروست دەبێت و عێراق بەرەو ھەڵدێر دەبات."
بوخاری عەبدوڵڵا دەڵێت: "دەسەڵاتی زۆرینە مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر داھاتووی عێراق و پێکھاتەکانی دیکەی عێراق چ ئەوانەی نەتەوەیین، یان ئایینین، ھەست بەو مەترسییە دەکەن، بەردەوام لە دڵەڕاوکێدان و ھەمیشە بیر لەوە دەکەنەوە، چۆن خۆیان ڕزگار بکەن."
KDP -
