ئەنجومەنی وەزیران و کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی ھەرێمی کوردستانیان تاتوێ کرد
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێشنجشەممە 28/12/2017، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و جێگرەکەی، لە ھەولێر لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و ڕاپرسی لە ھەرێمی کوردستان کۆبوونەوە، سەرەتا سەرۆک ئەنجومەنی وەزیران، دەستخۆشی لە کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن کرد بۆ کار و چالاکییەکانیان لە ماوەی ڕابردوودا کە ئێستاش لە ھەوڵی ئامادەباشیدان بۆ بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردنی داھاتووی ھەرێمی کوردستان.
ھەروەھا لەمبارەیەوە چەندین پێشنیار و بیروبۆچوون سەبارەت بە داواکاری و پێدوایستییە لۆجیستییەکانی کۆمسیۆن بەمەبەستی سەرکەوتنی پرۆسەی ھەڵبژاردنی داھاتوو، خرانە بەر باس و گفتوگۆ.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، دووپاتی کردەوە، کە ھەموو ھەوڵێک دەدەن ئەوەی لەسەر حکوومەت بێت بەمەبەستی سەرکەوتنی پرۆسەی ھەڵبژاردن جێبەجێی بکەن و ئامادەیی حکوومەتیان بۆ ھەر ھاوکارییەک نیشان دا و کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنیش بەپێی یاسا و ڕێساکانی خۆیان کارەکانیان ئەنجام بدەن.
لە کۆبوونەوەکەدا پێشنیار کرا لە داھاتوویەکی نزیکدا ھەریەک لە پەرلەمان، حکوومەت و کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان لە ھەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکی ھاوبەش ئەنجام بدەن بەمەبەستی دیاریکردنی ڕۆژی ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان.
باسنيوز
