نووسەرێکی یەکێتی بۆ شاناز ئیبراهیم: پارەی نەوتە دزراوەکەی کەرکووک بۆ کوێ دەڕوات؟

 نووسەرێکی یەکێتی بۆ شاناز ئیبراهیم: پارەی نەوتە دزراوەکەی کەرکووک بۆ کوێ دەڕوات؟
نووسەرێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئەندامی پێشووی مەکتەبی ڕاگەیاندنی ئەو حزبە، بە توندی وەڵامی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، بەرپرسی ڕێکخستنەکانی دەرەوەی یەکێتی دایەوە و ئاشکرای کرد، لە کاتێکدا مووچەی خانەنشینیی نایاسایی وەردەگرێت، باسی گەندەڵیش دەکات.

فەرید زامدار، رایگەیاند: ”هەندێک کەس لە هەرێمی کوردستاندا قسە و کرداریان بە تەواوی لە یەکتر جیاوازە“.

نموونەشی بە شاناز ئیبراھیم ئەحمەد هێنایەوە کە ڕۆژانە ”لەسەرەوە تا خوارەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دادەشۆرێ“. بۆیە پرسیاری ئەوەی کرد: ”باشە ئەگەر ئەم حکوومەتە ئەوەندە خراپە، بۆچی مانگانە بەپلەی عەمید پارەی خانەنشینی وەردەگرن؟ مەگەر منداڵی فەقیر و ھەژار و کوڕی ھەژار نەچووە شاخ و بەرگری لە کوردستان نەکرد؟ تائێستاش مووچەی پێشمەرگایەتی پێ ڕەوا نابینرێت، خێرە تۆ خۆت و گرووپەکەت دەچنە بەغدا و داوای بڕینی پارەی خەڵکی کوردستان دەکەن؟ خۆشیان پارەی خانەنشینی پلەدار وەردەگرن".

زامدار پرسیاری ئەوەشی لە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد کرد: "پارەی نەوتە دزراوەکەی کەرکووک بۆ کوێ دەڕوات؟ کێ لێی بەرپرسە؟ دەی ئەو پارەی لەو نەوتە دەڕوات، ئەگەر برابەشی ناکرێت، بۆچی بەشێکی نادرێت بە ھاووڵاتییانی کوردستان؟".

لەلایەن خۆیەوە سیروان کەریم مەلا، پسپۆڕی ئابووری لە زانکۆی سلێمانی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، 404 ژن بە پلەی عەمیدی و عەقید و رائید خانەنشینکراون، ئەگەر مووچەی ئەو کەسانە ببڕن، ئەوا پارەیەکی بەهەدەردراوی زۆر دەگەڕێتەوە. گوتیشی: ”پێشتر بە ھەڕەمەکی خەڵکانێک خانەنشین کران کە ئێستا سەنگەریان لە حکوومەت گرتووە، ئەوانە تا مووچەکانیان نەبڕێت، ناتوانین باسی ڕیشەکێشەکردنی گەندەڵی بکەین".










باسنیوز
Top