ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی: لە سلێمانی گەرەنتیی پاراستنی بارەگاکانی پارتی نییە

 ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی: لە سلێمانی گەرەنتیی پاراستنی بارەگاکانی پارتی نییە
سەرکردەیەکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە بارەگاکانی پارتی لە سنووری سلێمانی زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە و ھیچ گەرەنتییەک بۆ پاراستنیان نییە.

نووری حەمەعەلی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "تا ئێستا گەرەنتیی پاراستنی بارەگاکانمان لە سلێمانی نییە و ناکرێت ھەر خۆپیشاندانێک ڕوو بدات، یەکەم ئامانج ھێرشکردنەسەر بارەگای پارتی بێت لەو سنوورە، جاری یەکەم گوتیان دووبارە نابێتەوە، جاری دووەم ھێرش کرایەوە و جاری سێیەمیش بە ھەمان شێوە و ئەمجارەش بە چەک و تەقەکردن بەسەر بارەگاکاندا دووبارە کرایەوە".

نووری حەمەعەلی ئەوەشی خستە ڕوو: "یانی تێناگەین ئەگەر پارە بەدەست لقەکانەوەیە، فەرموون ڕاستییەکان بھێننە سەر شاشەی تەلەفزیۆن و بڵێن لەوێوە قووتی خەڵک ڕاگیراوە، ئەگەر وا نییە کادیرێک لە لقێکی پارتی چ تاوانێکی ھەیە؟ ئەویش وەک ئەو خەڵکە مووچەی وەرنەگرتووە؟".

ئەو ئەندام سەرکردایەتییەی پارتی گوتیشی: "ئەوانەی پەلاماری بارەگای پارتی دەدەن، مووچەخۆر نین، ئەوانە کەسانێک ھانیان دەدەن کە کۆنەقینیان بەرامبەر بە پارتی هەیە".









باسنيوز
Top