وەزیرێکی ئێران: دەبێ هەفتەی داهاتوو سنوورەکانی هەرێمی کوردستان بکرێنەوە
عەلی ڕەبیعی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی ئێران ئەمڕۆ پێنجشەممە 2017/12/28 لە شاری بانە لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە حەسەن ڕۆحانی لە بەرانبەر داخرانی دوو سنووری نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کاردانەوەی هەبووە و بڕیاری داوە کە دەبێ لە هەفتەی داهاتوودا ئەو سنوورانە بکرێنەوە.
لە کۆتایی مانگی نۆوە و پاش ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان سێ سنووری "حاجی ئۆمەران، باشماخ و پەروێزخان" لەلایەن ئێرانەوە داخران و پاش دە ڕۆژ سنووری باشماخ کرایەوە، بەڵام هەتا ئێستا دوو سنووری "حاجی ئۆمەران و پەروێزخان" نەکراونەتەوە.
بەڕای چاودێران و شارەزایانی ئابووری بەهۆی داخرانی ئەو دوو سنوورەوە، تورکیا بازارەکانی هەرێمی کوردستانی داگیر کردووە و زۆربەی بازرگانانی کوردستانیش ڕوویان لە تورکیا کردووە.
بە گوتەی "حشمەتوڵا فەلاحەتپیشە" نوێنەری کورد لە شارەکانی "داڵاهۆ و شائاباد" لە پەرلەمانی ئێران، بەهۆی داخرانی ئەو سنوورانەوە ئێران بڕی 2 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار زەرەری کردووە.
باسنيوز
