نەجیبە نەجیب: عەبادی لە گوتاردا شتێک دەڵێ و لە کرداریشدا جێبەجێی ناکات
نەجیبە نەجیب، ئەندامی لێژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 28/12/2017، ڕايگەیاند: "حەیدەر عەبادی، لە لێدوانەکانیدا ھەندێک بابەت باس دەکات، بە نموونە لە بارەی ناردنی مووچە یان بڕە بودجەی ھەرێمی کوردستان، بەڵام لە ڕاستیدا وا دەرناچێت، دەتوانم بڵێم سروشتی زۆربەی سیاسییە عێراقییەکان وایەکە کاتێک کە لە ڕاگەیاندنەکان بابەتێک باس دەکەن کەچی لە کرداردا وا دەرناچێت".
ئەو پەرلەمانتارە، ئەوەشی خستە روو، کە بەشێک لە بەرپرسانی باڵای عێراق لەڕاگەیاندنەکاندا وا دەردەکەون کە ئەوان قسەکانیان تەواوە و ڕاستە، ڕەنگە کۆمەڵێک خەڵکیش بە قسەکانیان باوەڕ بکەن، تەنانەت بەشێک لە خەڵکی کوردستانیش باوەڕیان پێ دەکەن، بەڵام لە ڕاستیدا وا نییە".
ئاشکراشی کرد: "ئەوەتا عەبادی لە 2016ەوە دەڵێت مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان دەنێرم، بەڵام ھەر نەینارد، ئەگەر بۆ فەرمانبەرانیش ناینێرێت، بۆ مووچەی کەسوکاری شەھیدان و شایستە داراییەکانی جوتیاران نادات؟".
حکوومەتی عێراق لە ساڵی 2014ەوە بودجەی ھەرێمی کوردستانی بڕیوە و ئێستاش سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، لە چەندین گوتاریدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان دەنێرین، بەڵام چاوێرانی سیاسی ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە قسەکانی عەبادی تەنیا لە چوارچێوەی گوتاردا ماوەتەوە.
باسنيوز
