مەلا بەختیار: دەرکەوت بنەماکانی پیلانگێڕان لە ئیرادەی یەکێتی بەھێزتر بوو
مەلا بەختیار، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 28/12/2017، لە پێگەی تاییەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، پۆستێکی بەناونیشانی (دامرکانەوەی خۆپیشاندانو نەبونی بڕیار) کردووە و نووسیوەیەتی: "دەرکەوت کە خۆپیشاندانەکان جارێ دامرکانەوە، دەریشکەوتووە ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆن بەرەیەک بۆ ھەڵبژاردن و ئەگەری تریش، دروست دەکەن، لەناو یەکێتی و ھەندێکیش لەدەرەوە، قەوارەی رەسمی لە بەغداد پەسەند کرا".
بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، لەبەرامبەردا چەند پرسیارێکی خستووەتەڕوو: "یەکەم، حکوومەت بۆ ئەوەی ھۆکارەکانی خۆپیشاندانەکان، چارەسەر بکات چی دەکات، وەڵام جارێ نییە، دووەم، دەیان ملیۆن دۆلار زیان گەیەندراوەتە دەزگا، بارەگا و شوێنە خزمەتگوزارییەکان، ئایا حکوومەت لەم کێشەیە دەکۆڵێتەوە، یان نا؟ جارێ دیار نییە".
مەلا بەختیار لەو پۆستەیدا، ئاماژەی بەوەش داوە، کە لەبەرامبەر بەرەی ئۆپۆزسیۆندا، کە ئامانجەکانیان ئاشکرایە، یەکێتی و ھێزەکانی تر چی دەکەن؟ جارێ دیار نییە، سێ ساڵە، ئیرادەی بڕیاردانی ناو یەکێتی ئیفلیج دەکرێ،. ئەویش بە نەخشەی جۆراوجۆر، ئایا ئەوانەی دەستیان بە کڵاوەکانیانەوە ھەتا ئێستا گرتبوو، تێگەیشتوون، کڵاوەکانیشیان با دەیبات؟".
دەشڵێت: "خۆم وەڵامەکان دەزانم، ھەوڵی زۆریشم دا ھەڵپەرست و میرەکانی سیاسەت، نەیگەیەننە ئەم دۆخە، بەڵام دەرکەوت بنەماکانی ھەڵپەرست و پیلانگێڕان، بەھێزتر بوو لەئیرادەی یەکێتی، تەنھا بۆ مێژوو پرسیارەکان دەکەم".
باسنيوز
