نێچیرڤان بارزانی: عێراق بەردەوامە لەسەر گوشارخستنە سەر کوردستان
رۆژی پێنجشەممە 28/12/2017، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پرێس کۆنفرانسێکدا رایگەیاند، داخستن و درێژکردنەوەی داخستنی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە، سزادانی گەلی کوردستانە.
دەقی پرێس کۆنفرانسەکە:
سەری ساڵی تازە لە ھەموو لایەک پیرۆز دەکەم. ھیوادارم ساڵی نوێ ساڵێکی خۆشی بێت بۆ ھەموو لایەک.
ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانمان ھەبوو. ھەڵسەنگاندنمان بۆ دۆخی خۆمان کرد لە کوردستان و ئەو کێشانەی لە نێوان ھەولێر و بەغدا ھەیە.
ئەوەی ئێمە دەبینین دوو ئاراستە ھەیە، یەکەمیان ھەندێک ئیجابیات دەبینین لە بەغدا وەکوو دەست پێشخەریی ئەو نامەیەی سەرۆک کۆمار ناردوویەتی بۆ دەست پێکردنی گفتوگۆی نێوان ھەولێر و بەغدا، پێشوازیمان لێ کردووە و بە ڕەسمی وەڵاممان داوەتەوە.
ھەروەھا ئەو قسانەی جەنابی مالیکی و عەللاوی، جێگرانی سەرۆک کۆمار کردوویانە، بە ئیجابی دەبینین و وەکوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکەینەوە کە دەمانەوێ لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا کێشەکان چارەسەر بکرێت.
لە کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی سەرۆک وەزیرانی عێراق ھەندێک بابەت خرایە ڕوو، بە تایبەتی لە بابەتی نەوت و غاز، ئەمڕۆ لێژنەی نەوت و غازم ڕاسپاردووە، ھەموو ئەو قسانەی باسی کردووە، دوور بووە لە زانیاریی پێویست، ئەمڕۆ بە ڕەقەم وەڵامیان دەدەینەوە.
ھەروەک ئاگادارن لە بەغدا لێژنەیەک بۆ پێداچوونەوە لە میلاکاتی وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی دروست کراوە، ئێمە ھیچ لاریمان لەسەر ئەوە نییە و بە ھەنگاوێکی باشی دەبینین، سیستەمەکەمان بەپێی بایۆمەتری ئامادەین داتاکان بە بەغدا بدەین ئەگەر ئەوان ئامادە بن.
لێژنەیەکی دیکەیان داناوە، بۆ دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان، بەداخەوە پێش دەست بەکاربوونی لێژنەکە، دوو مانگی دیکە داخستنی فڕۆکەخانەکانیان درێژ کردووەتەوە. سەرۆک وەزیرانی عێراق بەداخەوە ئەمە وەک کارتێکی فشار بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان بەکار دەھێنێت. ئەمە کاریگەری لەسەر خەڵکی ھەرێمی کوردستان کردووە و جێی داخە حکوومەتێک بیەوێت بەم شێوەیە سزای ھاووڵاتییانی خۆی بدات، ئەمە وەک سزایەک دەبینین. مافی ھاووڵاتییانە بتوانن گەشت بکەن و ھاتوچۆ بکەن. ھەروەھا کاریگەری لە کۆمەکی مرۆیی بۆ ئاوارەکانیش کردووە.
لە بابەتی ھەنگاوی چاکسازیی پێویست، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کارەکانی کردووە، وەکوو حکوومەت پابەندین دوای ئەوەی بڕیارەکە لە پەرلەمان دەردەچێت، بۆ جێبەجێ کردنیان.
پرسیاری رۆژنامەنووسان و وەڵامی نێچیرڤان بارزانی:
- ئەگەر باس لە دوایین زانیارییەکانی دانوستانی نێوان ھەولێر و بەغدا، دەڵێن لەوانەیە ساڵی داھاتوو گفتوگۆ دەست پێ بکات، ئایا ئەنجامی دەبێ؟
نێچیرڤان بارزانی: بە فەرمی ھیچمان پێنەگەیشتووە کە دەست پێدەکەین یان نا، بەڵام ویستی دەست پێکردنی گفتوگۆ لای ئێمە ھەیە و ھەر کاتێک بەغدا ئامادە بێت، ئێمە ئامادەین.
- مالیکی داوای ھەڵدانەوەی پەڕەیەکی نوێ دەکات، ڕای ئێوە چییە؟
نێچیرڤان بارزانی: پرسیاری دووەمتان لەوەی کە بەڕێز مالیکی باسی کردووە، ئێمە پێشوازی لەو قسانە دەکەین و پێشوازی لە دانوستاندنێکی جددی لەگەڵ بەغدا دەکەین. پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا سەقامگیریمان لەو وڵاتە دەوێت یان نا؟ ئەگەر دەمانەوێ، ئەوا پێویستی بە دانوستاندنێکی جددی دەبێت لەگەڵ بەغدا، لەم چوارچێوەیەدا قسەکانی جێگری سەرۆک کۆمار جێگەی ڕێزە و ڕێگەی ڕاست ئەوەیە و ئەو قسانە بە ئاراستەیەکی دروست دەزانین.
- یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان چەند مەرجێکی داناوە بۆ مانەوە لە حکوومەت لەمبارەیەوە چی دەڵێن؟
یەکگرتووی ئیسلامی کە ئەمڕۆ ئێمە لەگەڵ شاندی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ھەیە، ئەو لایەنە ھەمیشە بە بەرپرسیارێتییەوە لەگەڵ دۆخەکەدا ڕەفتاری کردووە، ئەمڕۆ ئێمە کۆدەبینەوە لەگەڵیاندا، حکوومەت زۆر بە جددی ھەوڵ دەدات، ئەوەی ئەوان داوایان کردووە، ھەمووی لە چوارچێوەی خێر و بەرژەوەندیی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستانە. ئەمڕۆ ئێمەش قسە لەسەر ئەو بابەتانە دەکەین کە ئەوان داوایان کردووە، حکوومەتیش لە جێبەجێکردنی جددی دەبێت.
- تەعریب لە ھەندێک ناوچە دووبارە دەستی پێکردووەتەوە، ئێوە چی دەڵێن؟
نێچیرڤان بارزانی: تەعریب لە زۆر سنووری ناوچە کوردستانییەکان دەستی پێکردووەتەوە، زۆر نیگەرانین لەوە، پێمانوایە دەستپێکردنی گەڕاندنەوەی پرۆسەی تەعریبکردنی ناوچەکە لەو سنوورەدا ناسەقامگیریی زیاتر و نائاسایشیی زیاتر دروست دەکات و ھیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات، داوا دەکەین ئەمە ڕابگیرێت، عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان دەستێوەردان بکەن، بە تەعریبکردنی ناوچەکە شایەدی ئەوە دەبین کە جارێکی دیکە زنجیرەیەکی ناسەقامگیری دەست پێدەکاتەوە و کێشەکان بە دڵنیاییەوە بەم شێوەیە چارەسەر نابێت. بەھیچ شێوەیەک ئەمە نابێت بکرێت.
- پێتانوایە لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتوودا حزبەکانی کوردستان لەگەڵ بەغدا ھاوپەیمانییان ھەبێ؟
نێچیرڤان بارزانی: بۆ فڕۆکەخانەکان ئەوان وەکوو کارتێکی فشار لەسەر ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان بەکاری دەھێنن، سەرۆک وەزیران دەبووایە بە شێوەیەکی دیکە ڕەفتاری بکردایە و وەکوو سەرۆک وەزیرانی ھەموو عێراق، ھەستی بە بەرپرسیارێتی بکردایە. فڕۆکەخانەکان بۆ خەڵکی ئاوارە و خەڵکی نەخۆش بووەتە کارتی فشار و لەوە تێناگەین ھۆکارەکەی چییە. ئەگەر باسی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی دەکات لەسەر فڕۆکەخانەکان، ئێمە پێشتر گوتوومانە کە ئامادەین قەبوڵی بکەین، بەڵام پرسیار ئەوەیە کە ئەوان ناتوانن دەسەڵاتەکە لەسەر فڕۆکەخانەی نەجەف بسەپێنن، چۆن دێن بەرامبەر بە ھاووڵاتییانی کوردستان ئەمە دەکەن؟
لەبارەی ھاوپەیمانییەکان، بە دڵنیاییەوە ھەڵبژاردن بۆ ھەموو عێراقییەکانە، کوردیش وەک بەشێک لەم وڵاتە، سەیری بەرژەوەندیی سیاسیی خۆی دەکات و بەپێی ئەوەش ڕێککەوتن دەکات.
- کۆبوونەوەتان لەگەڵ کۆمسیۆن لەبارەی ئامادەکارییەکانی ھەڵبژاردن، بەچی گەیشت؟ ئایا دەستپێشخەرییەک ھەیە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بۆ کۆبوونەوەی دەستەجەمعی؟
نێچیرڤان بارزانی: ئەمڕۆ لەگەڵ کۆمسیۆن کۆبوونەوەیەکمان ھەبوو، بۆ ئەوەی بزانین ئەو ئامادەکارییەی بۆ ھەڵبژاردن پێویستە، چۆن دەکرێت و کەی ئامادە دەبن، ئەوانیش ھەندێک پێداویستیی خۆیان داوا کرد، بڕیاری ھەردوولامان وایە لە دوای سەری ساڵ، لەگەڵ پەرلەمان ھەردوولا دابنیشین و ھەوڵی دیاریکردنی ڕۆژی ھەڵبژاردن بدەین. بە دیاریکردنی ڕۆژی ھەڵبژاردن، لە کۆمەڵێک کێشەی ھەرێمی کوردستان ڕزگارمان دەبێ و گەلی کوردستان دەتوانێ بڕیاری خۆی بدات کە کێی دەوێت و دەیانەوێ کێ ھەڵبژێرن. ئەمە حەلێکە بۆ کێشەکانی ئەمڕۆ.
تا ئێستا ھیچ ھەوڵێک بۆ کۆبوونەوە نییە، مەبەستمانە یەکڕیز بین، بەڵام ئەمە بەزۆر دروست نابێت، بەش بەحاڵی خۆمان پێمان خۆشە و ھەوڵیشی بۆ دەدەین، بەڵام ئەمە بە یەک لایەن ناکرێ.
-عەبادی گوتوویەتی پارەی گەنمم ناردووە و کەسیش پارەی نەگەیشتووە، ئایا ئەمە ڕاستە؟ کەی سەردانی بەریتانیا دەکەن؟ نامەی دەست لەکار کێشانەوەی وەزیرەکانی گۆڕانتان پێگەیشتووە؟ وەک سەرۆک وەزیران قەبوڵتان کردووە؟
نێچیرڤان بارزانی: پارەی جووتیان بەشێکی ھاتووە، مەسجەکان لە بەغدا بە شێوەیەکن کە ھەندێک شتی ئیجابی دەنێرن، لەگەڵ ئەوەشدا ئامانجیان ئەوەیە خەڵکی ھەرێمی کوردستان تووشی سەرلێشێوان بکەن، دەیانەوێ بە خەڵک بنێرن ئێمە ئامادەین و پارە بنێرین، پارە بۆ ٤٢٠ کەس ھاتووە کە بەنداوەکان بەڕێوە دەبەن، ئەمانە سەر بە حکوومەتی ئیتیحادین و دەبێ پارەکەیان لەوە بووبێ، ھەڵەکە لەوە بووە کە ئەو ھەموو ساڵە پارەی ئەوانەیان نەناردووە کە لە بەنداوەکان کاریان دەکرد، ھەر ئەوە گەیشتووەتە کوردستان. ئێستا لێژنەیەکیان داناوە باس لەوە دەکات کە ئامادەن پارەی تەندرووستی و مامۆستایان بنێرن، ئێمەش گوتوومانە ئامادەین بەپێی بایۆمەتری بیکەن. دەڵێن لە کوردستان دوو مووچەیی ھەیە، بەڵام ھەندێک وشە بەکار دەھێنن، بۆ ورووژاندنی خەڵکی کوردستان، بەڵێ دوو مووچە ھەیە بەڵام بەپێی یاسا ھەیە و لە عێراقیش ھەیە. لە بابەتی نەوتیش حیسابی بڕی ھەناردەکردنەکە و نرخی نەوتەکە لێک دەدەن و ھیچ حیسابێک بۆ تێچووی بەرھەمھێنان و کرێی کۆمپانیاکان و ھیچ یەکێک لەو کارانەی دیکە ناکەن، لە جیاتی ئەمە، قسەی من بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەوەیە کە حازرین بە شەفافیەت و بە ڕێکی باس بکەین، ئامادەین ھەر پرسیارێکیان لەم ڕووەوە ھەیە، وەڵامیان بدەینەوە. ھەرێمی کوردستان بۆ شەفافی خۆی دەست پێشخەری کردووە و گەورەترین پرۆژە ھەیە کە لە نیوەی یەکەمی ساڵی داھاتوو ئەنجامەکانی ئاشکرا دەکەین. ئەوان بە فەرمی قسە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ناکەن، ھەر لە پرێس کۆنفرانسەکان قسەمان لەگەڵ دەکەن و ھەر لەو ڕێگەیەشەوە وەڵامیان دەدەینەوە. ئێمە ئەمڕۆ بە داتا، لێژنەی نەوت و غازم ڕاسپاردووە قسەکانی عەبادی بە ژمارە وەڵام بداتەوە، تاوەکوو خەڵکی کوردستان بە تەواوی لەو بابەتە تێبگات.
ئەو باس لەوە دەکات کە زۆر خەمی خەڵکی کوردستانیەتی، باشە ئەگەر زۆر خەمیەتی بۆ پرسیار ناکات لە خورماتوو چی دەقەومێ؟ لێکۆڵینەوەی لەمبارەیەوە کردووە؟ بەڵام بەم شێوەیە لەگەڵ ھاووڵاتییانی خۆی مامەڵە بکات، ھیچ دروست نییە، ئەو بەرپرسیارێتییەکی لەسەرە، دەبێ ھەست بەو بەرپرسیارێتییە بکات و لە نزیکەوە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان گفتوگۆ بکات.
بابەتی بەریتانیا، تائێستا وادەی سەردانمان بۆ بەریتانیا دەستنیشان نەکراوە، نووسینگەی ئێمە لێرە لەگەڵیاندا لەسەر ھێڵن تا بزانین کەی بۆ دیاریکردنی گەشتەکە دەستنیشان دەکرێ.
بابەتی دەست لەکار کێشانەوەی وەزیرەکانی کۆمەڵ و گۆڕانمان بەدەست گەیشتووە، لێرەوە دووپاتی دەکەمەوە، وەکوو سەرۆک وەزیران سوپاسی ئەو وەزیرانە دەکەم و ئەو بابەتە بڕیارێکی سیاسیی حزبەکانی خۆیانە و ڕێزمان بۆ بڕیارەکە ھەیە، دەست لەکار کێشانەوەیان پێویستی بە کۆمەڵێک ڕێکاری یاسایی ھەیە، جێبەجێی دەکەین بزانین چۆن دەبێت. ئێمە ھەڵبژاردنمان لەپێشە لەماوەیەکی نزیکدا، تائێستا ئەو بابەتە یەکلا نەکراوەتەوە.
نێچیرڤان بارزانی: دەبێ پرسیاری ئەوەی کەی بەغدا ئامادە دەبێ بۆ گفتوگۆ، دەبێ ئەو پرسیارە لە سەرۆک وەزیرانی عێراق بکرێ.
ئێمە کێشەی شەرعیەتمان نییە و گەلی کوردستان دەنگی بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان داوە و تا ھەڵبژاردنەکانی داھاتوو کە دەکرێ، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تەنیا لایەنی شەرعییە کە لەگەڵ بەغدا دانوستاندن بکات، دوای ھەڵبژاردن ھەر حکوومەتێک بێتە سەر کار، ئەو حکوومەتە دانوستان دەکات.
قەوارەی ھەرێمی کوردستان دیارە و بەپێی دەستوور قەوارەکە (حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی عێراقە) و ئەو کارانەی لە بەغدا دەکرێ ھیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێ و یارییەکی زۆر ناشرینە لەگەڵ ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان دەیکەن. تابەیانی بڵێن پارێزگاکانی شیمالی ھیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێ و ھەر بە ھەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە. باشترین شت ئەوەیە کە ھەڵسوکەوت لەگەڵ ئەو قەوارەیە بکرێ.
بابەتی ئەوەی ئایا دوای ھەڵبژاردن یان پێش ھەڵبژاردن، ئێمە ھیچ جیاوازییەک نابینین و پێمانوایە دەبێ ئێستا دانوستان بکرێت، ئەم حاڵەتەی ئێستا ھەیە کە دانوستاندنمان ھەیە و دانوستاندنمان نییە، لە بەرژەوەندیی ھیچ لایەکدا نییە، بەڵکوو دەبێ دانوستان دەست پێبکات.
- چارەنووسی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان چی بەسەر دێ؟
نێچیرڤان بارزانی: ئەو بابەتە لە پەرلەمان بپرسن بزانن وەڵامیان چییە. پێموایە ھێشتا دەست لەکار کێشانەوەکەی نەگەیشتووەتە پەرلەمان.
- بۆچی ھێشتا مووچەی ھێزەکانی پێشمەرگە دابەش نەکراوە؟
نێچیرڤان بارزانی: بابەتی پێشمەرگە، ڕێز و حورمەتم بۆ ھەموو ئەو خۆشەویستانە ھەیە کە بەرگرییان لە کوردستان کردووە، پێشتریش باسی ئەوەم کردووە کە لە قۆناغێکی زۆر سەختی داراییدا تێدەپەڕین، دوای ئەوەی نیوەی داھاتی ھەرێمی کوردستان لەدەست چوو، بە دڵنیاییەوە ئەم دۆخە کاریگەری لەسەر ھەموو لایەک ھەیە. ھیوادارین و دەشزانین پێشمەرگە تەحەمولی ئەو دۆخەی کردووە و لێی تێدەگات. ھەموو ھەوڵمان ئەوەیە کەمترین زیان بە پێشمەرگە بگات.
پڕۆژەی چاکسازی وەک پاکێجێک نەک تەنیا خانەنشین، زۆر شت دەگرێتەوە، ناردوومانەتە پەرلەمان و لە ھەفتەکانی داھاتوو پەرلەمانی بڕیاری لەسەر دەدات.
ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ئۆتۆمبێلی ئیزافی ھەیە کە ھەندێک فەرمانبەر پێویست ناکا ئۆتۆمبێلی لابێت، بەپێی پڕۆژەیەک لە چوارچێوەی چاکسازییەکان، بڕیار درا ئەمڕۆ ھەندێک لەوانە ھەر فرۆشتن نییە، وردەکاریی زیاتری ھەیە.
- لە چەند شارێک خۆپیشاندان ئەنجام درا، ئایا ئەمڕۆ چەند باس لەو خۆپیشاندانانە کرا؟ حکوومەت چی کرد بۆ وەڵامدانەوەی؟ ھەست ناکەن بەغدا یاری بەکات دەکا؟
نێچیرڤان بارزانی: خۆپیشاندان مافێکی سرووشتیی ھەر ھاووڵاتییەکە لە ھەرێمی کوردستان. دەتوانن بەو شێوەیە داواکاریی خۆیان دەرببڕن و ئەمە قەبوڵە، بەڵام خۆپیشاندان ببێتە ھۆکاری تێکدانی ئارامیی خەڵکی کوردستان، دەبێ پێشگیری لەمە بکرێ و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش ئەمەی کردووە. ئەمڕۆ باسمان لەوە کرد کە وەکوو داواکاریی خەڵک، خۆپیشاندانەکانمان قەبوڵە، بەڵام خۆپیشاندان بۆ سووتاندنی بارەگاکانی حکوومەت، ئەرشیفێک لە کۆیە سووتێنراوە کە ٣٠٠ ساڵ تەمەنی ھەبووە، ئایا ئەمە داواکاریی خەڵکە بۆ مەبەستێک؟ نەخێر ئەمە تێکدانە و خەڵکی کوردستان و حکوومەتی ھەریمی کوردستانیش دژی ئەو تێکدانەیە و دەبێ ڕێی لێ بگرێ و بە شێوەیەک کار نەکرێ کە داواکاریی خەڵک بۆ تەخریب و شتێک بقۆزرێتەوە کە نە ئێمە پێمانخۆشە نە خەڵکی کوردستانیش حەز دەکات ئەمە ببینێت.
بەغدا یاری بەکات بکات یان نا، ھیچ لە بابەتە ناگۆڕێت، بۆ کات؟ پێموایە بیرکردنەوە لەوە دەبێ گەورەتر بێ. دەبێ لەو چوارچێوەیە بێ کە ئایا دەمانەوێ سەقامگیری بۆ ئەو وڵاتە بگەڕێتەوە یان نا؟ ئەگەر ئەمە دەویسترێ، دەبێ کۆمەڵێک کێشەی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا چارەسەر بکرێت. کێشەکانی ئێمە و بەغداش ناکرێ لەسەر ئەو بنەمایە بێ کە کێ بەھێزە و کێ لاوازە، بەڵکوو بیر لەوە بکەینەوە کە ھەندێک کێشە ھەیە دەبێ بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێ.
نێچیرڤان بارزانی: دەستوور ماف و ئەرکەکانی ئێمە و بەغدای لە خاڵە سنوورییەکان دیاری کردووە. ئامادەین بەپێی دەستوور ڕەفتار بکەین. ھیوادارین لە ساڵی ئایندەشدا لەسەر بابەتی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان، بتوانین بگەینە ڕێککەوتنێک لەگەڵ بەغدا، ئەگەر نەمانتوانی بە ڕێککەوتنێک بگەین، ئەوا زۆر بە شەفافی ئەوەی لەبەردەستمانە، بۆ خەڵکی کوردستانی دابەش دەکەین و ڕاشی دەگەیەنین.
باسنيوز
