حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کەل و پەل و پێداویستییە زیادەکانی دەفرۆشێت

 حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کەل و پەل و پێداویستییە زیادەکانی دەفرۆشێت
سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، باس لەوە دەکات کە حکوومەت لێژنەیەکی پێکھێناوە بۆ دەستنیشانکردنی ماڵ و موڵکی زیادە لە حکوومەت، بۆ فرۆشتنیان و گەڕانەوەی پارەکە بۆ خەزێنەی حکوومەت.

سەرچاوەکە ئاشکرای کرد: "لێژنەیەکی وردبینی لە حکوومەت دروست بووە بۆ دیاری کردنی سەرجەم ئەو پێداویستیە زیادانەی کە لە فەرمانگەکاندا ھەیە، بۆ ئەوی بکرێنە ڕاپۆرتێک و دواتر لە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لە سەر بدرێت بۆ فرۆشتنیان، لەوانە ئۆتۆمبێل و کەل و پەلی زیادەی فەرمانگەکان".

یروانت نیسان، ئەندامی لێژنەی دارایی لەپەرلەمانی کوردستان ڕای گەیاند: "حکوومەت ئۆتۆمبێلە زیادەکان و ھەندێک مومتەلەکاتی دیکەی خۆی دەفرۆشێت تا ھەندێک پارە بگەڕێتەوە خەزێنەی دەوڵەت، ئێستاش لێژنەیەک پێکھێنراوە و کار بۆ ئەو مەبەستە دەکات".

ئەو پەرلەمانتارە، جەختی کردەوە کە ئامانجی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە کە نیوە موچە لەکاتی خۆی بدرێت، بۆیە ئەو کەل و پەلە زیادانە دەبرێتە بازاری فرۆشتن، ئەمەشیان دەبێت حکوومەت خۆی چۆنییەتی فرۆشتنیان دیاری بکات و بڕیارێکی نوێش دەدرێت ھەر فەرمانەرێک ئۆتۆمبێلی حکوومەت بەکاربھێنێت دەبێت خۆی خەرجی ئۆتۆمبێلەکە لە ئەستۆ بگرێت.










باسنیوز
Top