به‌رپرسانى كورد له ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر كاره‌كانیان
ئه‌و به‌رپرسانه‌ى كورد كه له پێش ڕووداوه‌كانى 16 ى ئۆكتۆبه‌رى ڕابردوو، له ناوچه كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێمی كوردستان، به‌رپرسیارێتییان هه‌بووه ناگه‌ڕێنه‌وه بۆسه‌ر كاره‌كانیان و ڕاىدهگهیهنن گه‌ڕانه‌وه‌یان گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كى لاواز ده‌بێت و كورد له‌و ناوچانه بێ چه‌ك كراوه و ڕۆژانه سووكایه‌تى به هاووڵاتیان ده‌كرێت.
وه‌هاب ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌رى پێشووى شارهدێیى قه‌ره‌ته‌په، به (باس‌نیوز)ى ڕاگه‌یاند : "پاش ڕووداوه‌كانى 16 ى ئۆكتۆبه‌رى ڕابردوو، گه‌ڕامه‌وه بۆسه‌ر ده‌وامى ئاسایی خۆم، به‌ڵام به‌رپرسی فهوجێكى حه‌شدى شه‌عبی له شوێنه‌كه‌م دانیشتبوو پێى گوتم من به‌ڕێوه‌به‌رى شارهدێكهم قبوڵى ناكه‌ین ئه‌م پۆسته به‌ده‌ست كورده‌وه بێت".
گوتیشی: "دۆخى شاره‌دێكه له سه‌ره‌تادا زۆر خراپ بوو، هاووڵاتیانى كورد ئازار ده‌دران، به‌ڵام له ئێستادا تاڕاده‌یه‌ك باشتربووه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خه‌ڵكه‌كه هه‌ر بێتاقه‌تن و كێشه‌یان زۆره".
جه‌ختیشیكرده‌وه: "حه‌شدى شه‌عبی پۆسته‌كانى پڕكردووه‌ته‌وه و حكوومه‌تیان پێكهێناوه و له‌گه‌ڵ حكومه‌تى ناوه‌نددا مامه‌ڵه ده‌كات، بۆیه ئێمه ناگه‌ڕێینه‌وه بۆ شاره‌دێكه، چونكه گه‌ڕانه‌وه‌مان گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كى لاواز ده‌بێت و ناكرێت له‌یه‌ك كاتدا 2 به‌ڕێوه‌به‌رى شاره‌دێ له‌یه‌ك شوێندا هه‌بن".
ئه‌میر خواكه‌ره‌م، قایمقامى پێشووى قه‌زاى داقووق، گوت: "له‌دواى 16 ى ئۆكتۆبه‌ر له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك گرووپه‌وه كه عه‌ره‌بی هاوردهشیان تێدایه، خۆپیشاندان كرا له دژمان و فشار خرایه سه‌ر ئه‌نجومه‌نى قه‌زاى داقووق بۆ لابردنم و شوێنه‌كه‌م داگیركرا و به‌ڕێوه‌به‌رى شاره‌دێی ڕه‌شاد كه عهرهبێكى سوننه‌یه خرایه شوێنه‌كه‌م".
گوتیشی: "عه‌ره‌به‌كان 3 خاڵیان كردبوو به بیانوو بۆ لهسهركارلابردنم كه بریتی بوون له هاوكاریكردنى په‌كه‌كه و هه‌ڵكردنى ئاڵاى كوردستان له‌سه‌ر داموده‌زگاكانى سنووره‌كه و به‌شداریكردن له پرۆسه‌ى گشتپرسی بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و ڕاگه‌یاندنى پشوو له‌و ڕۆژه‌دا و له‌هیچكام له‌و كارانه‌ش كه كردوومن په‌شیمان نیم".
ناوبراو له‌باره‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ پۆسته‌كه‌ى ڕوونیكرده‌وه: "ئه‌و سنووره پێشتر 9 لیواى پێشمه‌رگه و هێزه‌كانى ئاسایش و پارته كوردستانییه‌كانى لێبووه، به‌ڵام له ئێستادا كورد له‌و سنووره بێ چه‌ك كراوه و چه‌ندین گرووپی چه‌كدار له‌وێن و ڕۆژانه سووكایه‌تى به هاووڵاتیان ده‌كه‌ن و به‌شه‌واندا تهقهدهكرێت و هه‌ڵده‌كوترێته سه‌ر ماڵان، بۆیه له كاتێكدا كه كه‌س نه‌بێت پاسه‌وانیمان بكات و به‌رگریمان لێبكات و نه‌توانین خزمه‌ت بكه‌ین گه‌ڕانه‌وه‌مان چ سوودێكى ده‌بێت".
