"خەڵکی مووسڵ تا سەر ئێسقان لە حەشد بێزار بوونە"
(ئەکرەم سلێمان)، سەرۆکی لقی نەینەوای سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە دەشتی نەینەوا بۆ نانەوەی ئاژاوە و ئیفتیزازکردنی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوام لە نزیک سەنگەرەکانی پێشمەرگە ڕەفتارێکی زۆر ناشیرین لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە دەکەن و کەوتوونەتە نانەوەی کێشە و ئاڵۆزی بۆ دانیشتوانی نەینەوا بەگشتی، لەبەر ئەوە خەڵکی نیگەڕانن لەو ڕەفتارانەی حەشدی شەعبی و دەخوازن میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لەو سنوورە بکشێنەوە و مەلەفی ئەمنی بە سوپای عێراق و پۆلیس بدرێت.''
بەرپرسەکەی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ڕوونی کردەوە: ''حەشدی شەعبی نزیکەی ٦٠ بنکە و بارەگای تەنیا لە نێو سەنتەری شاری مووسڵدا کردووەتەوە و ڕۆژانە کێشە بۆ ھاووڵاتییانی شارەکە دروست دەکەن، ڕاستە لە ڕاگەیاندنەکان فەرماندەکانیان ڕەتی دەکەنەوە چەکدارانیان لە نێو مووسڵدا ھەبێت، بەڵام خەڵک دەیانبینێت و بە ئاشکرا زۆڵم لە مووسڵیەکان دەکرێت و گەیشتووەتە ئاستێک کە خەڵکی مووسڵ تا سەر ئێسقان لە دەسەڵاتی حەشد بێزار بوونە.''
لەبارەی ڕەوشی ژیان لە نێو مووسڵ (ئەکرەم سلێمان) دەڵێت: ''لە بەری ڕاستی شارەکە جێگەی ژیان نەماوە بە ھۆی نەبوونی کارەبا و خزمەتگوزاریی ژیان بەگشتی و تێکچوونی خانوو و باڵەخانەی نیشتەجێبوون، زۆرینەی دانیشتوانی مووسڵ ئێستا لە لای چەپی شارەکە نیشتەجێ بوونە، ئەوەش بووەتە ئەگەری پەیدابوونی قەڵەباڵغییەکی ئێکجار زۆر و کرێی خانوو نرخەکەی زۆر بەرز بووەتەوە و ھاووڵاتییان ژیانێکی سەخت بەڕێ دەکەن.''
kdp-
