کەرکووک.. حەشدی شەعبی فشارە دەخاتە سەر کوردەکان تاکو بەرەو ھەرێمی کوردستان کۆچ بکەن

 کەرکووک.. حەشدی شەعبی فشارە دەخاتە سەر کوردەکان تاکو بەرەو ھەرێمی کوردستان کۆچ بکەن
ئەندامێکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک-گەرمیان ڕای دەگەیەنێت، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە کەرکووک ھەموو پێشێلکارییەک دژ بە ھاووڵاتییان ئەنجام دەدەن.

عەدنان کەرکووکی، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک - گەرمیان، ئەمڕۆ چوارشەممە 27/12/2017، ڕايگەیاند: "میلشیاکانی حەشدی شەعبی لە کەرکووک رۆژ لە دوای رۆژ فشارەکانیان لەسەر خەڵک زیاد دەکەن بۆ ئەوەی ئەو کوردانەی کە لە شارەکەدا ماونەتەوە بەرەو شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان کۆچ بکەن".

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی لە کەرکووک - گەرمیان، ئەوەشی خستە روو، کە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی ڕۆژانە ھەڵدەکەوتانە سەر ماڵان، ئەمەش ترس و تۆقاندنی لای دانیشتووانی کەرکووک دروست کردووە.

ئاشکراشی کرد، ئێستا لە کەرکووک ئەوەی کە ئۆتۆمبێلی گران بەھای ھەبێت لە شارەکانی عێراق، یاخود ھەرێمی کوردستان دەیفرۆشێت و ئۆتۆمبێلی کۆن دەکڕێت، چونکە لە سایەی حەشدی شەعبیدا دزینی ئۆتۆمبێل بووەتە دیاردە و تەنانەت لە ناو بازاڕ بە زۆر ئۆتۆمبێل لە خەڵک دەسێنن.

ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەکی دیکە، بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.

ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سکترتێری گشتی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە".

ڕۆژی 27/12/2017 جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی ھێزەکانی 70ی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕاشکاوی ڕای گەیاند: ”ھۆکاری 16ی ئۆکتۆبەر ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵکوو خیانەتی گرووپێکی نێو یەکێتی بوو“. باسیشی لەوە کرد کە ئەگەر مام جەلال لە ژیان بووایە، ئەو گرووپەی نێو یەکێتی وەک خیانەتکار سزا دەدا.










باسنيوز
Top