بەرپرسێکی باڵای ئیمارات: کورد مافی سەربەخۆبوونی هەیە

بەرپرسێکی باڵای ئیمارات: کورد مافی سەربەخۆبوونی هەیە
بەرپرسێکی باڵای ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتوو پشتگیریی خۆی بۆ سەربەخۆیی کوردستان رادەگەیەنێت و دەڵێت، کورد مافی سەربەخۆبوونی هەیە.

فەرقی زاحی خەلفان تەمیم، جێگری سەرۆکی گشتیی پۆلیس و ئاسایشی دوبەی لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەلایەتیی (تویتەر)، رایگەیاندووە، کە ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی عێراق مافێکی یاسایی گەلی کوردستانە بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی و دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆ.

زاحی خەلفان تەمیم هەروەها رایگەیاندووە، گەلی کوردستان شایستەی بوون بە دەوڵەتە نەک خەڵکەکەی پەراویزخراوبن، ”کاتی ئەوە هاتووە ستەم لەسەر برا کوردەکانمان هەڵبگیرێت“.

ئەو فەرماندەیەی پۆلیسی دوبەی بە سەرسوڕمانەوە دەپرسێ، ”بۆچی کورد سەربەخۆ نەبێ؟“، لە کاتێکدا دەوڵەتان هەموو ”ئاوات و ئامانجەکانیان لەناوبردوون“.

لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 7.6.2017ـی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بڕیاردرا رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە هەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، ئەنجام بدرێت.












باسنيوز
Top