رێبوار تاڵەبانی: بەغدا لە بەڵێنەکانی بە کەرکووک راستگۆ نەبوو

 رێبوار تاڵەبانی: بەغدا لە بەڵێنەکانی بە کەرکووک راستگۆ نەبوو
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بە وەکالەت رایدەگەیەنێت، کە حکوومەتی عێراق لە بەڵێنەکانی بە کەرکووک، راستگۆ نەبووە.

رۆژی دووشەممە 14\8\2017، رێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بە وەکالەت لە پانێڵێکی سێیەم دیداری زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر، شاری کەرکووک لە ئازاردان لەلایەن حکوومەتەکانی عێراقەوە، ”پشکی شێری بەرکەوتووە“.

رێبوار تاڵەبانی هەروەها رایگەیاند، لە کاتی هێرشی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، سوپای عێراق پشتی لە شارەکە کرد، تەنیا هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و هاوڵاتییانی کوردستانیی کەرکووک بەرگرییان لەو شارە کرد.

سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بە وەکالەت باسی ماددەی 140ـی دەستووری عێراقی کرد و رایگەیاند، حکوومەتی عێراق ئەو بڕگەیەی دەستووری جێبەجێ نەکرد، کە تایبەت بوو بە دۆخی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، ”بۆیە ئێستا پەنا دەبەینە بەر ریفراندۆم“، بۆ چارەسەرکردنی دۆخی شارەکە.

رێبوار تاڵەبانی پێی وایە حکوومەتی عێراق ”بە ئەنقەست“ یاساکانی پەیوەندیدار بە کەرکووکی پەکخستووە و نایەوێ بە هیچ یاسایەک چارەنووسی کەرکووک یکلا بکاتەوە و کێشەکانی چارەسەر بکات، ”بەغدا لە بەڵێنەکانی بە کەرکووک راستگۆ نەبوو و وەڵامی داواکارییەکانمان ناداتەوە“.

تاڵەبانی ئاماژەی بەوەش کرد، کە هەڵوێستی پێکهاتە و حزبەکانی کەرکووک لەبارەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی جیاوازە، هاووڵاتییەکان کوردستانین و بەشێکن لە گەلی کوردستان، بەڵام ”حزبەکانیان بەردەوام بۆ هەر کارێکی ئیدارەی شارەکە دەڵێن نەخێر“.

سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بە وەکالەت دڵنیایی دایە هاووڵاتییانی کەرکووک، بەوەی کەرکووک لە سایەی کوردستان دۆخێکی تایبەتی پێ دەدرێت، وەک ئێستا هەرێمی کوردستان بارێکی تایبەتی بە شارەکە بەخشیوە.

لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 7.6.2017ـی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بڕیاردرا، رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 لە ھەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ئەنجام دەدرێت.











باسنيوز
Top