ئازاد تۆفیق: یەکێتی و پارتی بە ڕێککەوتنێکی نوێوە ئامانجە بەدینەهاتووەکان دێننەدی
دوێنێ مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کۆ بوونەوە و لە پڕیسکۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیشیدا هەریەک لە جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان ئاشکرا کرد، کە پارتی و یەکێتی گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی ڕێککەوتنێکی نوێ بۆ درێژەدان بە ڕێککەوتنی ستراتیژیی نێوانیان دەکەن.
دەمێکە شەقامی کوردستان چاویان لەوەیە پارتی و یەکێتی بە ڕێککەوتنێکی نوێ، بەرگێکی نوێ بپۆشن، بۆ ئەوەی زیاتر پارێزگاری لەو دەستکەوتانە بکەن، کە بەدی هاتوون.
دەربارەی بایەخی ئەو کۆبوونەوەیە و بەتایبەت ڕێککەوتنی نوێی یەکێتی و پارتی، (ئازاد تۆفیق)، ئەندامی مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ڕێککەوتنی پێشووی نێوان پارتی و یەکێتی بۆ ئەو قۆناغە کارێکی باش بوو، دەستکەوتی زۆریشی ھەبوو، ڕێککەوتنی نوێ لەبارەی ھەندێ ناھاوسەنگیی سیاسی دەکرێت و ھەوڵ دەدەرێت خاڵە ھاوبەشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی ئەو ئامانجانەی لە ڕێککەوتنی ستراتیژیدا نەھاتوونەدی، بەو ڕێککەوتنە بیانهێننەدی.''
ئێستا هەرێمی کوردستان لە ئامادەباشیی تەواودایە بۆ ئەوەی لە ٢٥ی مانگی نۆدا چارەنووسی خۆی لە ناوچەکەدا دیاری بکات، سەبارەت بە کاریگەریی ڕێککەوتنی نوێی پارتی و یەکێتی بۆ بەهێزکردنی پێگەی کورد لە ناوچەکە و هەروەها کاریگەریی ئەرێنیی بەسەر ڕیفراندۆم و سەربەخۆییدا، (ئازاد تۆفیق) دەڵێت: ''بێگومان ڕیفڕاندۆم پرسێکی چارەنووسسازی گەلەکەمانە، بە پارتی و یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ و ھەموو پێکھاتەکانەوە، بۆیە دەبێ کۆدەنگی لەسەر ھەبێت و پارتی و یەکێتی لەم قۆناغەدا ھەوڵەکانیان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و سەردانیان بۆ لای ھەموو لایەنەکان دەبێت بەھێز و بەنرخ وەربگیرێت، چونکە ئایندەی وڵاتەکەمان بەو پڕۆسەوە بەندە.''
چاودێرانی سیاسی دەڵێن، ڕێککەوتنێکی نوێ لە نێوان پارتی و یەکێتییدا دەبێتە هۆی گرەنتیبوونی سەرکەوتنەکانی کوردستان لەو قۆناخەدا، هەروەک (د. ساڵح مەلا عومەر)، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ھەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی زۆر ھەستیاردا دەرباز دەبێت، بۆ ئەوەی گەلی کوردستان لە ٢٥ی ئەیلوولدا بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات، پێویستە یەکگرتوویییەکی بەھێز لە نێوان لایەنە سیاسیەکاندا ھەبێت، بەتایبەتی لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، چونکە ئەو دوو حزبە پێگەیەکی بەھێزیان لە کوردستاندا ھەیە و کاریگەرییان لەسەر بڕیاری سیاسی و ڕای گشتی ھەیە، لەبەر ئەوە ھەر ڕێککەوتنێک لە نێوان ئەو لایەنەدا بکرێت، بۆ ئەو قۆناغە، من بە گرینگی دەزانم و دەبێتە ھۆکارێک بۆ ئەوەی زیاتر لە سەرکەوتن نیزیک بینەوە و بگەینە ئامانجی خۆمان.''
(د. ساڵح مەلا عومەر) دەخوازێت، لایەنە سیاسییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانیش بچنە نێو ڕێککەوتنی نوێی یەکێتی و پارتی بۆ ئەوەی دۆزی کورد لە ناوچەکەدا تەواو پەیامێکی یەکانگیر و یەکهەوڵێست بداتە ناوچەکە و دەڵێت: ''پێم وایە باشترە ئەگەر لایەنەکانی دیکەش بچنە نێو ڕێککەوتنەکەوە، تا زیاتر یەکگرتوو و یەکھەڵویست بن، سەبارەت بە ڕەوشی ئێستای ھەرێمی کوردستان، چونکە بمانەوێ، یان نەمانەوێ، پەرتەوازەیی و ناکۆکییەک لە نێوان لایەنەکاندا دەبینرێت، چارەسەرکردنی کێشەکان بە ھەر جۆرە ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنێکبێت، دوو جار بە قازانجی گەلی ئێمە دەشکێتەوە، من خوازیارم لەسەر خاڵە ستراتیژییەکان ڕێککەوتن ھەبێت، ئەگەر ئەو یەکگرتنە دروست نەبێت، ئەوە لە ئەنجامدا زیان بە دۆزی گەلی کوردستان دەگەیەنێت.''
kdp-
