محەمەد ئیحسان: پشتگیرى نێودەوڵەتى بۆ ریفراندۆم هەیە

محەمەد ئیحسان: پشتگیرى نێودەوڵەتى بۆ ریفراندۆم هەیە



سەرۆکى پێشووى دەستەى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمی كوردستان رایگەیاند "بەغدا قبووڵى بێت یان قبووڵى نەبێت، ریفراندۆم هەر ئەنجام دەدرێت، دواى ئەنجامدانى ریفراندۆم و گۆڕینى نەخشەى سیاسى ناوچەکە، هەڵوێستى بەغداش گۆڕانکارى بەسەردا دێت".


محەمەد ئیحسان سەرۆکى پێشووى دەستەى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمی كوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسى هەواڵی (ئانادۆڵو)ی توركی ئاماژەی بەوە داوە كە لەبەر ئەوەى ئەنجامدانى ریفراندۆم مافێکى سروشتیی هاووڵاتییانى کوردستانە بە هەموو پێکهاتەکانییەوە، هەرێمى کوردستان لە ئەنجامدانى ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی پشتگیرى و هاوکارى نێودەوڵەتى هەیە، هیچ وڵاتێک نییە دژ بە پڕۆسەیەکى دیموکراسى بێت کە خەڵک بڕیارى خۆى بدات.


ئیحسان گوتی "ئەو وڵاتانەى دژ بە ریفراندۆمى هەرێمیش بن دیارە باوەڕیان بە مافى خەڵک و دیموکراسى نییە لە وڵاتى خۆیان و لە دەرەوەى وڵاتەکەیان، ئەوەى گرنگە ئەوەیە ئێمە ئەو مافە بە دەست بهێنین، دواتر وڵاتانى زلهێزى جیهانیش هەڵوێستى خۆیان دەبێت".


محەمەد ئیحسان دووپاتى کردەوە کە ریفراندۆم لە هەموو ئەو ناوچانە کوردستانییەى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم ئەنجام دەدرێت کە لەژێر دەسەڵاتى پێشمەرگەدان و هەندێک ناوچەش هەن، ئەگەر ریفراندۆمیشیان تێدا ئەنجام نەدرێت وەک خاکى هەرێمى کوردستان هەر دەمێننەوە. لە ریفراندۆمیش ئەگەر خەڵکى ئەو ناوچانە دەنگیان بە بەڵێ دا و ویستیان لەگەڵ هەرێمى کوردستان بمێننەوە، ئێمە بەوپەڕى خۆشحاڵییەوە پێشوازییان لێ دەکەین، ئەگەر خەڵکیش دەنگى نەدا رێز لە بڕیارى خەڵکى ئەو ناوچانە دەگرین".


لە بارەى هەڵوێستى تورکیاشەوە لەسەر ئەنجامدانى ریفراندۆم، سەرۆکى پێشووى دەستەى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم گوتی "ئێمە تورکیا وەک وڵاتێکى دراوسێى ستراتیجى دەبینین، ئەگەر ئەوان بۆچوونیان جیاواز بێت لەگەڵ ئێمە، بەڵام ئێمە تورکیا دڵنیا دەکەینەوە کە سەربەخۆیی هەرێمى کوردستان لە بەرژەوەندى تورکیا و وڵاتانى ناوچەکەدایە، ئەم گفتوگۆیانەمان لەگەڵ تورکیا بەردەوامى دەبێت، چونکە بە راستى بۆچوونێکى وا هەیە، ئێمەش رێگە نادەین سەربەخۆیی هەرێمى کوردستان ببێتە هەڕەشە لەسەر ئاسایشى تورکیا و وڵاتانى دراوسێ".

BAS NEWS-
Top