سعوودیه به تابلۆیه‌ك پێشوازی له حاجیانى " ده‌وڵه‌تى كوردستان" ده‌كات
به‌ڕێوه‌به‌رێكی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرای ده‌كات كه له وڵاتی سعوودییه وه‌ك ڕێزێك بۆ میلله‌تى كورد و حاجیانى كوردستان به تابلۆیه‌ك كه به عه‌ره‌بی نوسراوه "پێشوازى له حاجیانى ده‌وڵه‌تى كوردستان ده‌كه‌ین" پێشوازی له حاجیانی كوردستان ده‌كرێت ده‌شڵێ له زۆرێك له مزگه‌وته‌كانى سعوودیه ئه‌و تابلۆیه هه‌ڵواسراوه.
مه‌ریوان نه‌قشبه‌ندى، به‌ڕێوه‌به‌رى په‌یوه‌ندیه‌كانى وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف و كاروبارى ئایینى ڕاگه‌یاند: "كاتێك هه‌موو ساڵێك له سه‌فه‌ری حاجیانى كوردستان بۆ وڵاتى سعودییه هاوه‌ڵیان بووم، هه‌میشه جلى كوردیم پۆشیوه و ئاڵاى كوردستان‌م پێ بووه ، یه‌كێك له ئه‌ركه‌كانم ئه‌وه بووه كه میلله‌تى كورد و ئاڵاى كوردستان به حاجیانى جیهان كه له 180 وڵاتى جیاوه هاتوون بناسێنم دۆخى كوردستان و ژماره‌ى دانیشتووانى و شوێنهكهمانم بۆ باسكردووه، ئه‌وه‌شم گوتووه كه ئێمه میلله‌تێكین تا ئێستا ده‌وڵه‌تمان نییه و ئاواتى ئازادى و سه‌ربه‌ستى ئه‌خوازین، خوازیارین وڵاتى خۆمان هه‌بێت".
ده‌شڵێ ساڵى پار كاتێك له‌گه‌ڵ حاجیان سه‌فه‌رى سعوودییه‌مان كرد، له زۆرێك له مزگه‌وته‌كانى ئه‌و وڵاته وه‌ك ڕێزێك بۆ میلله‌تى كورد و كوردستان، تابلۆیه‌ك درووست كرابوو، كه به زمانى عه‌ره‌بی لێی نوسرابوو "به‌خێر هاتنى حاجیانى ده‌وڵه‌تى كوردستان ده‌كه‌ین"، به دیوارى مزگه‌وته‌كانه‌وه ههڵواسترابوو، ئه‌و كاته‌ش باسى ڕیفراندۆمه سه‌ربه‌خۆیی له ئارادا نه‌بووه.
به‌ڕێوه‌به‌رى په‌یوه‌ندیه‌كانى وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف به پێویستى ده‌زانێت، كه ئه‌مساڵ ئه‌و ستافه‌ى كه له وه‌زاره‌تى ئه‌وقافه‌وه له‌گه‌ڵ حاجیان سه‌فه‌رى حه‌ج ده‌كه‌ن، باسی ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بكه‌نه یه‌كێك له ئه‌ركه‌كانى خۆیان و له‌وێ تێكه‌ڵى خه‌ڵك بن و ئه‌و پرسه‌یان بۆ ڕوون بكه‌نه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ى خه‌ڵكى جیهان پاڵپشتى له سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بكات.
BAS NEWS-
