دیندار زێباری: پیشمەرگە ناوچە کریستیاننشینەکانی ئازاد کردوون و دەیانپارێزێ
کۆمسیۆنی حکوومەتی ئەمریکایی بۆ ئازادیی ئایینی نێودەڵەتی (,(USCIRF راپۆرتی خۆی سەبارەت بە رەوشی پێکهاتە ئایینەکان لە هەرێمی کوردستان لەژێر ناوی "پووکانەوەی پێکهاتە ئایینەکان لەژێر رۆژی کوردستان" بڵاو کردەوە.
لەم راپۆرتەدا بە تێروتەسەلی باس لە پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینەکانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان کراوە و بە بەراورد بە وڵاتانی دەوروبەر، بارودۆخیان بە باشتر و گونجاوتر بۆ ژیان وەسف دەکات و کوردستان بە پەناگاى زۆرینەى کریستیانەکان لە کلد ئاشوور، ئێزدی، شیعە، شەبەک، هەروەها زەردەشتى، سابیئەى مەندائى و بەهائییەکانیش دادەنێت.
لەم بارەوە (د. دیندار زێباری) سەرۆکی کۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند، ڕهشنووسى دهستوورى ههرێمى كوردستان پێكهاته ئایین و نەتەوەییەکانی دانیشتووی هەرێم وهك كهمایهتى وێنا نهكردووه. له ماددهى (5)ـى ئهم ڕهشنووسهدا هاتووه كه: "گهلى ههرێمى كوردستان پێكهاتووه له كورد، توركمان، عهرهب، كلدان سریان ئاشوورى، ئهرمهن و هاووڵاتیانى دیكهى ههرێمى كوردستان". هەروەها لە ماددە (٧)ـی رەشنووسی دەستووری هەرێمی کوردستاندا هاتووە، کە پرەنسیپەکانی شەریعەتی ئیسلامی یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی بڕیاردان لەگەڵ مسۆگەرکردنی تەواوی مافی پەیڕەوانی ئایینەکانی وەک کریستیان و ئێزدی و ئایینەکانی دیکە لە ئازادیی بیروڕای ئایینی و ئەنجامدانی سرووتە ئایینەکانی خۆیان، لەم روانگایەوە هەرێمی کوردستان هەمیشە شوێنی پێکەوەژیانی پێکهاتەکان بووە.
"هەرێمی کوردستان تاکە شوێنە پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیی و مەزهەبییەکان تییدا ئاسوودە بن"
(زێباری) ئەوەشی روون کردەوە، کە هەر لەم روانگەیەوە لە دوای ئازادکردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ هەرێمی کوردستان تاکە شوێنە کە تیایدا هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیی و مەزهەبییەکان هەست بە ئاسوودەیى دەکەن تێیدا و، لە هەرێمى کوردستاندا هیچ کەسێک لەسەر جیاوازى نەتەوەیى رووبەڕووى کێشە نەبووەتەوە. بەپێچەوانەوە حکوومەتی هەرێم بەردەوام پشتگیری لە پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی دەکات بەبێ رەچاوکردنی جیاوازیی ئایینی، مەزهەبی و نەتەوەیی. ئەمەش وایکردووە کە ههرێمى كوردستان ببێتە ماڵ و مهنزڵگاى پێکهاتە ئایینى، نهتهوهیی، كولتوورى، ئیتنیه جیاوازهكان. حكوومهتى ههرێم بە یەکسانی هەڵسوکەوتی لەگەڵ ئەو پێکهاتانە کردووە و هیچ نیاز و نیهتى جیاكاریكردنى نهبووه دژ بهم پێکهاتانە و، ئهگهر حاڵهتى جیاكاری یان پێشێلكارییەکیش ههبووبێت، ئهوا حاڵهت و ههڵسوكهوتێكى تاكهكهسییه، بهرنامه و پلان بۆ دارێژراو نهبووه و سیاسهتى حكوومهتى ههرێم نهبووه."
" ههوڵی به كوردكردنی کەمەنهتهوهكانی تر نەدراوه"
سەبارەت بە ناوچە تازە ئازادکراوەکانیش گوتی: "لهو ناوچانهی كه شهڕی داعشی تێیدا رووی داوە و پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییە جیاوازییەکان تێیدا دەژین، ههوڵی به كوردكردنی کەمەنهتهوهكانی تر نەدراوه، چونکە هیچ گومانی تێدا نییە کە لە پرۆسەی ئازادکردنەوەی ناوچەکانی کریستیان، پێشمەرگە رۆڵێکی بەرچاوی هەبووە و بەشێکی زۆر لە گوندەکانی کریستیان لەلایەن پێشمەرگەوە ئازاد کراوە و، تاکو ئێستایش ئەرکی پاراستنی ئەو ناوچانەی لە ئەستۆ گرتووە."
(زێباری) باسی لەوە کرد کە کریستیانەکان رۆڵیان هەبووە لە دامودەزگاکانی هەرێم وەک هەموو پێکهاتە ئایینەکانی دیکە و لەم بارەوە گوتی: "لە چوارچێوەی دەستەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، کریستیانەکان رۆڵی بەرچاویان هەیە لە دەرکردنی بڕیارەکان، راوێژ لەگەڵ حزبەکانی کریستیان و کەنیسەکانیش دەکرێ، هەروەها نوێنەرایەتیی کریستیانەکان لە زۆربەی دامودەزگا حکوومییەکان هەیە و پۆستی بەرز بە کەسایەتییەکانی کریستیان سپێردراوە. لەلایەکی دیکەوە لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی/ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری کریستیانەکان مۆڵەت دراوە بە زیاتر لە (هەشت) کەنیسەی بیانی کە پێیان دەڵێن (Evangelical churches) کار بکەن لە کوردستان و، خزمەتگوزاری پێشکەش بکەن بەتایبەتی بە ئاوارەکان، جگە لەمە کریستیانەکان بەوپەڕی ئازادییەوە گشت بۆنە و ئاهەنگ و سرووتە ئایینییەکانی خۆیان ئەنجام دەدەن بەبێ بوونی هیچ بەربەستێک، هەروەها جگە لە کریستیانەکان گشت پێکهاتە ئایینییەکان لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پشتگیرییان لێدەکرێت."
"بهڕێوهبهرایهتیی گشتیى تایبهت به خوێندنى سریانى له وهزارهتى پهروهرده ههیه"
سەبارەت بە بواری پەروەردەش، سەرۆکی کۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان دەڵێ: "به دهیان قوتابخانه به زمانى كهمه نهتهوهكان لهناو ههرێم و ناوچه كوردستانییهكانى دهرهوهى ههرێم ههیه. له سیستهمى خوێندنى ههرێمى كوردستان ڕهچاوى خوێندن به زمانى كهمایهتییهكان كراوه، هەروەها بە دەیان قوتابخانە هەیە خوێندن تێیدا به زمانى سریانییە بهتایبهتى لهو شوێنانهى كه کریستیانی زۆرە وهك (ههولێر/ عەنكاوه، شهقڵاوه، كۆیه، دیانا، هاودیان و ههرمۆته له كۆیه ههروهها له ناوچهكانى دهرهوهى ئیدارهى ههرێم وهك حهمدانییه، بهرتهله، تلكێف، قەرەقۆش، كرملیس، ئهلقۆش). به ههمان شێوه بهڕێوهبهرایهتیی گشتیى تایبهت به خوێندنى سریانى له وهزارهتى پهروهرده ههیه."
(دیندار زێباری) ئاماژەی بە گرینگیدانی کریستیانەکانی جیهان بە هەرێمی کوردستان کە وڵاتان هەمیشە بە رێزەوە دەڕواننە پێگەی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە بواری گرینگیدان بە پێکهاتە ئایینی و مەزهەبی و نەتەوەییەکان و، لەم بارەوە گوتی: "رۆژی 27/9/2015 لە هەولێری پایتەخت و لە رێورەسمێکی ئایینیی گەورەدا بە ئامادەبوونی نوێنەری ڤاتیکان، مەراسیمی گواستنەوەی کورسیی مەرجەعی ئاشوورییەکانی جیهان و ناوەندی کڵێسای رۆژهەڵات لە ئەمریکاوە بۆ هەولێر ئەنجام درا، ئەمەش ئەو راستییە دەردەخات کە هەرێمی کوردستان لانکەی ئازادی و دیموکراسی و ئاشتی و پێکەوەژیانی سەرجەم ئایین و نەتەوەکانە، لە هەمان کاتدا بوونی ئەو ناوەندە ئایینییە لە هەرێمی کوردستان پێگەی هەرێم لە ئاستی جیهانی زیاتر بەرز دەکاتەوە و جاران کە هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستان بوو ئەوا ئێستا بووەتە پایتەختی ئایینیی زۆرێک لە کریستیانییەکانی جیهان، هەروەها کاریگەری دەبێت لەسەر ئەوەی کە دڵگەرمی بە کریستیانییەکان ببەخشێت وڵاتی خۆیان خۆش بوێت و واز لە کۆچ بێنن."
(زێباری) ئەوەیشی خستە روو، کە ئەمە هەنگاوێکی مێژووییە، چونکە لە ساڵی ١٩٣٣وە بارەگای سەرەکیی پاتریاکی ئاشوورییەکانی جیهان لە عێراق چووبووە دەرەوە بۆ شیکاگۆ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەڵام دوای تێپەڕینی زیاتر لە ٨٠ ساڵ ناوەندەکە بۆ عێراق گەڕێندراویەوە و هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان هەڵبژێردرا، ئەزموونی حوکمڕانیی چەند ساڵی رابردوویش ئەوەی سەلماندووە کە باشترین شوێنی پێکەوەژیانی ئایین و نەتەوەکانە، ئەمە لە کاتێکدایە کە عێراق لە خراپترین دۆخی سیاسیی خۆیدایە و دڕندەترین هێزی دژەمرۆیی بەشێک لە عێراقی داگیر کردووە و کەوتووەتە گیانی پێکهاتە ئایینیەکان.
"لیژنەیەک بۆ داواکاریی برا کریستیانانە لەبارەی زەویوزارەوە پێکهێنراوە"
سەبارەت بە کێشەی زەویی برا کریستیانییەکان (زێباری) گوتی: "لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێم، بەردەوام پشتگیری لە جووتیاری بەرهەمهێن دەکات بەبێ رەچاوکردنی جیاوازیی چینایەتی و ئایینی و نەتەوەیی، ئەمەش لە روانگای پێشخستنی بەرهەمی کشتوکاڵ و لەم بارەیەوە ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە ئەرکی خۆیان هەڵساون لە وەڵامدانەوەی داخوازییەکانی برا کریستیانیەکان و چارەسەرکردنی هەرکێشەیەک رووبەروویان ببێتەوە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە روانگای رێزگرتن لە ئایین و نەتەوەکانی دیکە بەتایبەتی برا کریستیانەکان کە لە دێرزەمانەوە لەم خاکەدا ژیاون وەک هەر هاووڵاتییەکی تر، بۆیە لیژنەیەک بۆ داواکاریی ئەم برا کریستیانانە پێکهێنرا و ئێستا لیژنەکە گەیشتووەتە دوایین قۆناغی کارەکانی و پێشنیازیان پێشکەش کردووە کە وەک حاڵەتێکی (استثناء) زەوی ئەم برا کریستیانانەی لە ناوچەکە بۆیان بگەڕێتەوە و، داوا لە ئیدارەی پارێزگای دهۆک کراوە کە جێبەجێی بکات، بەڵام بەپێی ئەم پێشنیازە ژماریەک جووتیاری دیکە لە کریستیان و موسڵمانەکان زەرەرمەند دەبن لەبەر ئەوەی لە ساڵی ١٩٩٦ زەوییەکانیان وەرگرتووە و ماوەی (٢٠) ساڵە لەبەردەستیاندایە و بەکاری دەهێنن، دیارە هەر مافێک بە یاسا بدرێت و دوای ئەو ماوە زۆرە ئینجا دووبارە لێی وەربگیرێتەوە پێویستی بە کات و رێوشوێنی ئیداری تایبەت هەیە، بەڵام حکوومەتی هەرێم لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەم زەویانە".
لە کۆتاییدا سەرۆکی کۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان گوتی: "هەندێک کەس و لایەن هەوڵ دەدەن کە ئەو برایەتی و پێکەوەژیانەی لە هەرێمی کوردستان هەیە لەکەدار بکەن بە بڵاوکردنەوەی پروپاگەندەی دەربارەی دەستبەسەرداگرتنی زەویوزاری برا کریستیانەکانی دەشتی مووسڵ و، بە پێشێلکاریی مافی مرۆڤی دەزانن، کە بەرامبەر بە کریستیانەکان ئەنجام دەدرێت لەلایەن هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە، لە کاتێکدا کە باس لەو قوربانیدانە زۆرەی هێزی پێشمەرگە ناکەن کە گیانی خۆیان بەخشی لە پێناو پاراستن و رزگارکردنی ئەو ناوچانە کە بەشێکی زۆری دانیشتوانەکانی کریستیان و پێکهاتە ئایینەکانی دیکەن، هەروەها دەیانەوێ ئەو پێشوازییەی کە لە کریستیانەکانی دەشتی مووسڵ و ناوچەکانی دیکەی عێراق کراوە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان نادیدە بگرن، بەڵام کوردستان هەمیشە بە شوێنی پێکەوەژیانی پێکهاتە ئایینییەکان دەمینێتەوە لە ناوچەکە.
kdp-
