نازم دەباغ: گوشارە ناوچەییەکان هەرێمی کوردستان لە بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆم پاشگەز ناکەنەوە
نازم دەباغ، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ پێگەی هەواڵی زانکۆی ئازادی ئیسلامی (ئانا) ئاماژەی بە سەردانی ئەمدواییانەی شاندی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ ئێران و گفوگۆیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران کردووە و ئەو دیدارانەی بە گرنگ لەقەڵەم داوە.
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت: "شاندی هەرێمی کوردستان پەیامی ئێرانی وەرگرتووە و ئێستا ئەم پەیامە لەلای سەرکردایەتیی سیاسیی کورد لە هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکرێت".
ئاماژەی بەوەش داوە: "گوشار و زەختە ناوچەییەکان ناتوانن سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان لە ئامانجی خۆیان کە هەمان بەڕێوەبەردنی ڕیفراندۆمە لە کاتی خۆیدا، پاشگەز بکەنەوە و گوتیشی هەموو پەیامە ناوچەییەکانمان پێ دەگەن و لە ئەنجامدا مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم لەبارەی بەڕێوەچوون و نەچوونی ڕێفراندۆم بڕیاری کۆتایی دەدەن".
نازم دەباغ لە کۆتاییدا جەختی لەوەش کردووەتەوە کە ئێستا ڕوانگەی ڕێبەرایەتیی سیاسیی کورد و لایەنە بڕیاردەرەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوە دان ڕیفراندۆم لە کات و ساتی دیاریکرادا بەڕێوە بچێت".
باسنيوز
