نەتەوە یەکگرتووەکان نوێنەرێک بۆ کاروباری کوردانی فەیلی دیاری دەکات

 نەتەوە یەکگرتووەکان نوێنەرێک بۆ کاروباری کوردانی فەیلی دیاری دەکات
نێردەی تایبەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یۆنامی)، نوێنەرێک بۆ کاروباری کوردای فەیلی دیاری دەکات.



رۆژی یەکشەممە 30\7\2017، شاندێکی دەستەی باڵای هەماهەنگیی کوردانی فەیلی لەگەڵ یان کۆبیش، نێردەی تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یۆنامی)، کۆ بوونەتەوە.



جەلال مەلەکشاهی، یەکێک لە ئامادەبووقانی کۆبوونەوەکە لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) رایگەیاندووە، عەبدولسەمەد رەحمان، ئەندامی دەستەی باڵای هەماهەنگیی کوردانی فەیلی تیشکی خستووەتە سەر ئەو ستەم و زۆردارییەی لە سایەی رژێـمی بەعسی عێراق لە کوتردانی فەیلی کراوە، کە جگە لە کوشتن و دەرکردن لە عێراق، دەستی بەسەر هەموو سامانی فەیلییەکانیشدا گرت.



عەبدولسەمەد رەحمان هەروەها رایگەیاندووە، ئەو ستەمەی لە سەردەمی رژێمی بەعس لە کوردانی فەیلی دەکرا ئێستاش لە سایەی حکوومەتەکانی عێراق لە دوای 2003ـەوە، بەردەوامە، ”ئێستاش مافەکانی کوردانی فەیلی زەوت کراون“.



لە چەند هەفتەی رابردوودا، بەرپرسانی باڵای ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا، کە نوری مالیکی سەرۆکایەتی دەکات، هەڕەشەی کوشتن و دەرکردنیان لە کوردانی فەیلی کرد.



ئەو ئەندامەی دەستەکە داوای لە یان کۆبیش و نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە پاڵپشتیی کوردانی فەیلی بکات بۆ زیادکردنی نوێنەری کوردانی فەیلی لە پەرلەمانی عێراق و تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی لە پرۆژەیاسای پێشنیازکراو بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان، کورسییەک بۆ کوردانی فەیلی تەرخان کراوە، ”کە لەگەڵ ژمارە و رێژەی کوردانی فەیلی ناگونجێت و کەمە“.



لە کۆبوونەوەکەدا، یان کۆبیش و شاندی دەستەی باڵای هەماهەنگیی کوردانی فەیلی لەسەر ئەو خاڵانە رێککەوتن:



- یان کۆبیش هەوڵەکانی دەخاتە گەڕ بۆ زیادکردنی کورسی کۆتای کوردانی فەیلی لە پەرلەمانی عێراق.

- یۆنامی نوێنەرێکی تایبەت بۆ کاروباری کوردانی فەیلی دیاری دەکات.

- نەتەوە یەکگرتووەکان وۆرکشۆپ بۆ چین و توێژە جیاوازەکانی کوردانی فەیلی ئەنجام دەدات بە تایبەت لە بوارەکانی بەدەستهێنانەوەی رەگەزنامە و سامانەکانیان.



- قەرەبووکردنەوەی ماددیی کوردانی فەیلی.



- کارکردن بۆ کاراکردنەوەی بڕیاری دادگای تاوانەکانی عێراقی تایبەت بە گەڕاندنەوەی مافەکانی کوردانی فەیلی.

- داوا لە حکوومەتی عێراق بکرێ دەستەیەکی تایبەت بە چاودێریکردنی کاروباری کوردانی فەیلی دروست بکات.

- گەیاندنی دەنگ و داخوازییەکانی کوردانی فەیلی بە هەموو ناوەندە نێودەوڵەتییەکان.



کوردانی فەیلی بەشێکن لە گەلی کورد و لە پارێزگاکانی واست، میسان، بەغدا و دیالە لە عێراق نیشتەجێ بوون. بە ئایین موسڵمانی شیعەمەزهەبن. بەهۆی کوردبوونیان، رژێمی بەعس دەستی بەسەر هەموو سامانە گوازراوە و نەگوازراوەکانیاندا گرت و لە عێراق دەری کردن.



باسنیوز
Top