مامۆستایەکی زانکۆ: لە پانێڵەکەدا مەسروور بارزانی چوار پەیامی گرنگی بە ئەمریکا دا
ئازاد نەقشبەندی، مامۆستای زانکۆ ڕوونی کردەوە: "قۆناغی پەیوەندیی ئەمریکا و کورد لەبارەی پرسی ڕیفراندۆمەوە بەرەو پێشەوە دەڕوات و بەتایبەت پانێلی دوایی شاندی کوردستان کە مەسرور بارزانی ئەنجامی دا، گرنگ بوون و ئەم پانێڵانە لەڕوویەکەوە گرنگن و ئەویش ئەوەیە کە ئەمریکییەکان لە بڕیارداندا درەنگ بڕیار دەدەن".
لە درێژەدا ڕاشی گەیاند: "دەبێت زەمینەسازی بکرێت بۆ ئەوەی ئاراستەی نوێ بدۆزرێتەوە کە ئەمریکاوە لە ھەوڵی نەخێرەوە بۆ تێگەیشتن و لە تێگەیشتنەوە بۆ پشتیوانی لە دۆزی ڕیفراندۆم دەرگایەک بکرێتەوە، ئەم پانێلانە زۆر کاریگەرییان ھەبووە، چونکە دوای پانێلەکان ھەندێک لە دیپلۆماتکارەکانی ئەمریکا لێدوانی جۆراوجۆر بە ئاراستەی باشدا لەو بارەوە دەدەن".
ئەوەشی خستە ڕوو: "لە بەشێکی پانێلەکاندا باس لە ڕۆڵی پێشمەرگە و سەقامگیریی ناوچەکە کراوە بۆ ئەمەریکا و دوای پانێلەکەش چوار پەیامی گرنگ درانە ئەمەریکا یەکەم کوردستان مافی چارەنووسی خۆی دیاری دەکات کە ڕیفراندۆمە و دەبێت رێز لە ئیرادەی خەڵکی کوردستان بیگرێت، دووەم پێشمەرگە سەقامیریی ناوچەکە دابین دەکات کە بەلای جیھانەوە گرنگی پێ دەدرێت، سێیەم، پێکھاتەکان پێکەوە بڕیاری ئەوەیان داوە ڕیفراندۆم لەگەڵ کورددا بکەن و چوارەم کورد نابێتە ھەڕشە لەسەر داھاتووی ناوچەکە و دراوسێکان".
ڕۆژی هەینی 28/7/2017، بە بەشداریی مەسرور بارزانی، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و نەجمەدین کەریم، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارێزگاری کەرکووک، کۆنفرانسی (کوردستان، هاوپەیمانی ستراتیژیی ئەمریکا) لە واشنتۆنی پایتەختی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێوە چوو کە هاوکات جۆ وێڵسن، ئهندامی كۆنگرێسی ئهمریكا بە نوێنهرایەتیی (كارۆلینای باشوور)ی سهر به پارتی كۆماریی ئهمریكا و ترێنت فرانكس، ئهندامی كۆنگرێسی ئهمریكا له ویلایهتی ئهریزۆنا له پارتی كۆماریی ئهمریكا بەشدار بوون.
هەر لەو کۆنفرانسەدا کە سەنتەری توێژینەوەی کەناڵی (کوردستان 24) ڕێکی خستبوو، چهندین نووسهر و توێژهر و جهنهڕاڵی سوپای ئهمریكا بهشدارییان کرد و لە زۆر ڕووەوە باسیان لە پرسی سەربەخۆیی کوردستان کرد.
باسنیوز
