سەعدی پیرە: زانیارییەکانی ئێران لەبارەی ڕیفراندۆمەوە یەکلایەنە بوون
سەعدی ئەحمەد پیرە ئەمدامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ شاندی حزبی سۆسیالیست ئەمڕۆ هەینی 2017/7/281لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ئاشکرای کرد: "لە دانیشتنی ئەمڕۆماندا لەبارەی هەڵوێستی ئێران و وڵاتانی ناوچە و بەغدا لەبارەی ڕیفراندۆم قسەمان کرد و پێمان وایە ئێران زانیارییەکانیان یەکلایەنە بووە و نەهاتوون لەگەڵ لایەن و حزبە کوردستانییەکان دیالۆگ و دانوستان بکەن، هەرچەند هەتا ئێستا هەڵوێستیان نەرێنییە، بەڵام ئێمە لە هەوڵی بەردەوام داین و دیسان سەردانی ئیران دەکەین، چونکە یەکێکە لەو وڵاتانەی سنوور و پەیوەندییەکی زۆری لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە".
لەبارەی ڕیفراندۆمەوە ڕای گەیاند "ئێمە لە یەکێتی پێمان وایە یەکدەنگی و کۆدەنگیی نیشتمانی بۆ سەرخستنی ڕیفراندۆم پێویستە و هاوکات چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکان و مووچەی خەڵک شتی گرنگن".
سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی گوتیشی "دەبێ شاندی باڵای ڕیفراندۆم سەردانی بەغدا و وڵاتانی دەوروبەر بکەن و بەجیدی لەبارەی ڕیفراندۆم و ئاکامەکانی لەگەڵیان دانوستان بکەن".
لە درێژدا ئاماژەی بەوەش کرد "هەندێ هەلپەرست و ناشارەزا لەبارەی داهاتووی دۆخی ئابووریی کوردستان و کەڵەکەکردنی خواردن و خۆراک خەڵکیان تووشی ترس و دڵەڕاوکێ کردووە، ئەمە کارێکی خراپ و نانیشتمانییە، چونکە ئێمە قەت بڕیارمان نەداوە ئەنجامی ڕیفراندۆم بە شەڕ چارەسەر بکەین، چونکە ئەگەری شەڕ بژاردەی ئێمە نییە، ئێمە دەمانەوێ ئەنجامەکانی ڕیفراندۆم لەڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بکەی، کات لەلامان گرنگ نییە، چونکە مەودای نێوان ڕیفراندۆم و کاتی سەربەخۆیی زۆر دوور و درێژە و هەتا ئێستا لە نێوان ئێمە و عێراقدا قسەی کۆتایی نەکراوە".
لە کۆتاییدا گوتی: "دەمەوێ ئەوەش بڵێم زۆر جار باس لەوە دەکرێت کە وڵاتانی دراوسێ و جیران ناڕزای و دژی ڕیفراندۆمن، گرفت ناڕازیبوون نییە، چونکە ئێمە لەڕووی یاساییەوە کیشەمان نییە، تەنای گرفتەکە گرفتی سیاسییە و ولاتانی دراوسێ و دەوروبەر دەیانەوێ لەگەڵیان گفتوگۆ و دیالۆگ و ڕێککەوتن ئەنجام بدەین و ئێەش خەریکی ئەم کارەین".
باسنيوز
