سۆران.. رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی پشتگیری لە ریفراندۆم دەکەن
زۆربەی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی لە سۆران، لە دانیشنێکیاندا لەگەڵ بزاڤی خۆبەخشانی رێفراندۆم و سەربەخۆیی لە سۆران، جەختیان پشتگیریکردن لە ریفراندۆم و سەربەخۆیی دووپات کردەوە.
د.ھەژار رەحیمی، ئەندامی دەستەی بزاڤی خۆبەخشانی رێفراندۆم و سەربەخۆیی لەسۆران، راگەیاند: "بزاڤی خۆبەخشانی رێفراندۆم و سەربەخۆیی لەسۆران، بزاڤێکی خۆبەشە و لە پێناوی روونکردنەوەی لایەنە جیاوازەکانی رێفراندۆمی سەربەخۆیی و گرنگی ئەم پڕۆسەیە، لەسەر داھاتووی ژیانی نەتەوەکەمان پێکھاتووە".
ئەندامی دەستەی بزاڤی خۆبەخشانی رێفراندۆم و سەربەخۆیی لەسۆران، ئەوەشی خستەڕوو: "لە یەکەمین ھەنگاوی کارەکانی خۆماندا ئەمڕۆ پێنج شەممە 27/7/2017 بە پێویستمان زانی وۆرک شۆپێک بۆ رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە دەڤەری سۆران پێک بێنین، چونکە دەمانەوێ بە بیرێکی کراوە و لە دیالۆگێکی دیمۆکراتییانەدا و بەسەرنجدان لە بەرژەوەندییە درێژمەوداکانی گەلەکەمان، رەھەندە جۆراوجۆرەکانی ئەو پرسە لێک بدەینەوە و بە تێگەیشتنێکی ھاوبەش بگەین، چونکە تێگەیشتنی ھاوبەش بۆ ئەو پرسە، گەرەنتی داھاتوویەکی گەشمان بۆ دەکات".
گوتیشی: "بە خۆشییەوە لە وۆرک شۆپەکەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە نوێنەری رێکخراوەکان ئامادەبوون و سەرنجی خۆیان لەسەر بابەتەکە خستەڕوو، سەرەڕای ھەبوونی ڕەخنە لە ھەندێ بواری پەیوەست بە بەڕێوەبەری کۆمەڵگە، بەڵام ھەموو لەگەڵ جەوھەری مەسەلەکەدا ھەبوون کە پەیوەست بوو بە بوونی دەوڵەت و بەدەستھێنانی سەربەخۆیی".
bas news-
