هوشیار سیوەیلی: كوردستانیان لە ریفراندۆمێكی ئازادانەدا بڕیار لە چارەنووسی خۆیان دەدەن

هوشیار سیوەیلی: كوردستانیان لە ریفراندۆمێكی ئازادانەدا بڕیار لە چارەنووسی خۆیان دەدەن
(هوشیار سیوەیلی) ڕایگەیاند، سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان، بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری ئەوەی داوە كە گەلی كوردستان پێویستە لە ریفراندۆمێكی سەربەست و ئازادانەدا بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 27-7-2017 لە مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی لە پیرمام، (هوشیار سیوەیلی) بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان پیشوازیی لە جێگری كۆنسووڵی گشتیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا (ستیڤن گێڵین) و شاندێكی یاوەری كرد.

(سیوەیلی) بەخێرهاتنی شاندی میوان كرد و پیرۆزبایی لە (گێڵن) كرد لەم پۆستە نوێیە وەكو جێگر كۆنسووڵی گشتی و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لەم قوناغە گرینگەی كە ناوچەكەی پێدا تێدەپەڕێت، هەروەها سوپاسی گەل و حكوومەتی ئەمەریكای كرد كە لە قۆناغە سەختەكاندا پشتیوانیی گەلی كوردستانی كردووە.

لە درێژەی ئەو دیدارەدا، باسی لە دوایین ڕووداو و پێشهاتەكانی ناوچەكە كرا و هەردوولا بە وردی باسیان لە بۆچوونەكانی خۆیان كرد لە روانگەی سیاسی و حیزب و وڵاتەكەیانەوە.

(سیوەیلی) ئەوەی خستە ڕوو، "سەركردایەتیی سیاسیی گەلی كوردستان بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری ئەوەی داوە كە گەلی كوردستان پێویستە لە ریفراندۆمێكی سەربەست و ئازادانەدا بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، گەلانی جیهانی خاوەن پرەنسیپی دیموكراسی و رێزگرتن لە بڕیاری گەلان و مافی مرۆڤن، بۆیە پێویستە رێز لەو بڕیارەی گەلی ئێمە بگرن كە بە ئاشتایە دەیدات تاكو كۆتایی بە نەهامەتی و چەوساندنەوەی خۆی بینێت. گەلی كوردستانی-عێراق لە سەرەتای دروستبوونی عێراقەوە بەرگری لە مانەوەی خۆی و ناسنامەكەی كردووە، لە سەرەتاوە تاكو ئێستایش بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان خەباتی بۆ ئازادی كردووە و هیچ كات پەنای بۆ كاری تۆقاندن و هێرشبردنەسەر خەڵكی سیڤیل نەكردووە، بە پێچەوانەی سیاسەتی حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق كە هەوڵی وێرانكردن و جینۆسایدی گەلی كوردستانی داوە و سەدان هەزار قوربانیی لێ كەوتووەتەوە".

وەك (سیوەیلی) گوتی، "لە پاش 2003 و ئازادكردنی عێراق، گەلی كوردستان بەشێكی سەرەكی بنیاتنانەوەی عێراقی نوێ بوو بەو هیوای كە عێراقی نوێ جیاواز بێت، بەداخەوە ئەو ئومێدەیشمان نەما، لە كاتێكدا كە حكوومەتی فیدراڵ دەستووری پێشێل كرد و رێگایەكی تازەی هەڵبژارد بۆ تێكشكاندنی ئیرادەی گەلی ئێمە. گەلی كوردستان بۆ پاراستی نیشتیمان و داهاتووی خۆی، گرینگە رێگایەكی تازە هەڵبژێرێت، ئەویش سەربەخۆییە لە رێگای گشتپرسییەوە".

لای خۆیەوە، (گێڵین) پێزانینی خۆی بۆ ئەو دیدارە نیشان دا و دووپاتی كردەوە كە، حكوومەتەكەی بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیكردنی هەرێمی كوردستان لە شەڕ دژ بە داعش و تیرۆریستان و گوتی، "ئێمە دوژمنێكی هاوبەشمان هەیە و گرینگە پێكەوە كار بۆ سەركەوتن بكەین. حكومەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانیش ڕێز لە ئامانج و هیواكانی گەلی كوردستان دەگرێت و سەقامگیریی ناوچەكەیشی بە لاوە گرینگە، بۆیە داوا لە هاوپەیمانەكانی دەكات بە دیالۆگ و لێكتێگەییشتن بگەنە چارەسەر". هەردوو لایش جەختیان لە هاوكاری و هەماهەنگیی نیوانیان كردەوە لەم قوناغە گرینگەدا".


kdp-
Top