دارایی ڕێنماییی گومرگی بۆ دەرکرد؛ ئۆتۆمبیلە بێتابلۆکان تۆمار دەکرێن
گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێریش ڕایگەیاند، دوێنێ ڕێنماییی گومرگ دەرچووە و لە وەزارەتی دارایی بڵاو كراوەتەوە و هێشتا نەگەیشتووەتە بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆ، بەڵام لیژنەكانی ئێمە ئامادەن و چاوەڕوانی لیژنەكانی گومرگ دەكەن، ئەوانیش لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەستبەكار دەبن و دەست بە تۆماركردنی ئەو ئۆتۆمبیلانە دەكرێت.
(فازڵ حاجی)، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دیار كرد: ''دوێنێ ڕێنماییی گومرگ دەرچووە و لە وەزارەتی دارایی بڵاو كراوەتەوە، هێشتا نەگەیشتووەتە بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆ، كە گەییشت، كاتێك دەستنیشان دەكەین بۆ ئەوەی كاری لەسەر بكەین، لیژنەكانی ئێمە ئامادەن، تەنیا لیژنەكانی گومرگ ماون دەستبەكار بن. ئێمە، خۆمان ئامادە كردووە بۆ تۆماركردن، مەرحەلەی یەكەم پشكنینی بۆ دەكەین، دواتر ڕەوانەی گومرگی دەكەین، چاوەڕێی گومرگمان دەكرد، ئێستا ڕێنماییەكانی ئەوانیش دەرچوونە و لیژنەكانی ئەوان لەو ماوەیەدا دەستبەكار دەبن و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەست بە تۆماركردنی ئەو ئۆتۆمبیلانە دەكرێت.''
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر ئاشكراشی كرد: ''مەرجی تۆماركردن ئەوەیە کە دەبێ مۆدێلی ئەو ئۆتۆمبیلە لە ٢٠٠٠ بەرەو سەرەوە بێت و بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەیشی كە تابلۆی ئەورووپییان هەیە، دەبێ تا ١/٥ هێنرابنە هەرێمی كوردستان. ئۆتۆمبیلی مەنەفێست، كە بە مەنەفێستی عێراق داخل بوونە، هەروەها ئەو ئۆتۆمبیلانەش دەگرێتەوە كە تۆمار نەكراون و هیچ شتێكیان لەگەڵ نییە، واتە ئۆتۆمبیلی "تۆزوبا"، بەڵام بە مەرجێك لە هیچ شارێكی عێراق تۆمار نەكرابێت، چونكە لە كاتی تۆماركردنی ئەو ئۆتۆمبیلانەدا ژمارەی شاسییان لێ دەدرێت، لە هەر شارێكی عێراق، بەناوی هەر كەسێك تۆمار كرابێت، دیارە و، ئەو كاتە تۆمار ناكرێت. بۆیە یەكەم مەرج بۆ تۆماركردنی ئەو ئۆتۆمبیلانە ئەوەیە كە دەبێ پێش هەموو شتێك دەستكاریی ژمارەی شاسییەكەی نەكرابێت، ئەگەر دەستكاری كرابێت، تۆمار ناكرێت، لەگەڵ ئەو ئۆتۆمبیلانەی هەڵگری تابلۆی ئەورووپایین، كە بە شێوەی كاتی، هێنراونەتە كوردستان و لە كاتی گەڕانەوەیاندا ئەو هاووڵاتییانە لێرە ئۆتۆمبیلەكەیان فرۆشتووە و لەگەڵ خۆیان نەبردووەتەوە.''
kdp-
