مەسرور بارزانی بەشداریی کۆنفرانسێک لەبارەی هاوپەیمانیی هەولێر و واشنتن دەکات
بڕیارە کۆنفرانسەکە لە کاتژمێر 9 بەیانی (4ـی ئێوارە بە کاتی هەولێر) رۆژی هەینی 28\7\2017 دەست پێ کات و رۆژێک بەردەوام دەبێت.
لە کۆنفرانسەکەدا، هەریەکە لە مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووک بەشداریی دەکەن و تاوتوێی پەیوەندییەکانی کوردستان و ئەمریکا دەکەن.
جگە لە مسرور بارزانی و نەجمەدین کەریم، هەریەکە لە جۆ وێڵسن، کۆنگرێسمانی ئەمریکا لە ویلایەتی کارۆلینای باشوور، ترێنت فرانکس، کۆنگرێسمانی ئەمریکا لە ویلایەتی ئەریزۆنا و چەند سیاسەتمەدار و جەنەڕالێکی سوپای ئەمریکا، بەشداریی کۆنفرانسەکە دەکەن.
کۆنفرانسەکە هەردوو دامەزراوەی میدیایی (کوردستان 24) لە کوردستان و (واشنتن تایمز) لە ئەمریکا بە هاوبەشی ئەنجامی دەدەن.
لە پانێڵەکاندا، ئەو سەرکردە و جەنەڕالە سەربازییانە تاوتوێی پرسەکانی ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان دەکەن، جگە لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و کوردستان.
باسنيوز
